ماوەی حەوت رۆژە مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی لە سلێمانی بەردەوامن لە مانگرتن و هیچ خواردنێک ناخۆن، لە پەیامێکیشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە مامۆستایان دەکات دەست لەمانگرتن هەڵبگرن.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری دۆخی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی مانگرتوو ده‌كه‌م كه‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ سلێمانی بۆ داوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی موچه‌، مانیان له‌ خواردن گرتووه‌، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی موچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان داوایه‌كی ره‌وایه‌ و هه‌موومان پشتگیری لێ ده‌كه‌ین.

جەخت لەوەش دەكاتەوە، لە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت هەوڵێكی زۆریان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی داوەو ئومێدی چارەسەری یەكجاریی پرسی‌ مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوەکرد، په‌یام و داواكاری مامۆستایان و موچه‌خۆران به‌گشتی، به‌ ته‌واوی به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گه‌یشتووه‌، بۆیه‌ داوایان لێ ده‌كه‌م ره‌چاوی باری ته‌ندروستییان بكه‌ن و ده‌ست له‌ مانگرتن هه‌ڵبگرن.