قوباد تاڵەبانی و سودانی پرسی موچە و هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیان تاوتوێ كرد
٣ی شوباتی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی و محەمەد شیاع سودانی لە بەغداد كۆبوونەوە و پرسی موچەی موچەخۆران و هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیان تاوتوێ كرد.
لە كۆبوونەوەكەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم و محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق پێداچوونەوە بە دیارترین كێشە و دۆسییەكانی نێوان هەردوو حكومەت كرا، بە شێوەیەك كە هاوتای خواستی هاووڵاتیان بێت.
سودانی پاڵپشتی حكومەتی فیدڕاڵی بۆ دیالۆگە بەردەوامەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان و عیراق دووپاتكردەوە، هەروەها وتی، گرنگە بە خێرایی حكومەتی نوێی هەرێم پێكبهێنرێت.
سەردانەكەی قوباد تاڵەبانی بۆ بەغداد لە كاتێكدا بوو كە كێشەی موچە لە نێوان هەرێم و عیراق گەیشتبووە لوتكە، بەڵام ئەمڕۆ وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، كێشەی موچەی هەر 12 مانگەكەی 2025 چارەسەر كرا.