ئەمڕۆ د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغدا پێشوازیکرد لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لەکۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتەکانی وڵات بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەپێویستی گرتنەبەری دیالۆگی کاریگەر و جددی کردەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوور و یاسا. 

هەروەها باس لە دەنگدانی ئەنجومونی نوێنەران کرا لە سەر پرۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بوجەی گشتی فیدراڵی و جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی ئەم هەموارکردنە ببێتەی مایەی خەرجکردنی شایستەدارییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم و چارەسەری کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بە شێوەیەک ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و خواستەکانی هاوولاتیان بەدیبهێنێت و پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکات.

لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی سەرۆک کۆماری کرد لە نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەشێوەیەک کە ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند بۆ هەموو خەڵک مسۆگەر بکات.