وەزارەتی دارایی هەرێم راگەینراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاندووە، پێویستە موچەخۆرانی هەرێم وەک تەواوی موچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق بەبێ کێشە مووچەکانیان وەربگرن.

 

دەقی راگەینراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم..

دوای ١٥ رۆژ کاری بەردەوام لە نێوان وەفدە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکیەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە رێکكەوتنی کۆتایی. 

هاوکات لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەمڕۆ لە بینای ئەنجومەنی ئابوری عێراق بەڕێوەچوو، وەفدی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی (ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابوری و ئامادەبوونی هەریەک لە دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغداد و خالید هادی چاوشلی ڕاوێژکار لەئەنجومەنی وەزیران بەڕێوچوو، وەفدی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێزان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دکتۆر فواد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و  تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵیان کرد کە هاوکار و هەماهەنگ و پشتیوان بوون بۆ ئەوەی لەسەر شایستەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە رێكکەوتن.

لەلایەکی ترەوە وەفدی هەرێمی کوردستان سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراقیان کرد کە هاوکار و پشتیوان بوون بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە بەتایبەت بڕگەی تایبەت بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانی ناردنی تەموویلی مووچەی مانگی یەکی ساڵی (2025 )ن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بەگەیشتنی تەمویلەکە راستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت.

شایانی باسە وەفدی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەتەواوی کۆبونەوەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بەجێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەوێتە سەر شانی هەرێمی کوردستان ، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی رابردوو لەبواری لیستی موچە و خشتەکان و تەمویل وتەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دووبارە نەبنەوە و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی موچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق لەکاتی خۆیداو بەبێ کێشە موچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.