سودانی لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر پێكهێنا
٣ی شوباتی ٢٠٢٥
سەرۆك وەزیرانی عیراق لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر پێكدەهێنێت و سامانە سروشتییەكانی هەرێمیش دەڵێت هیچ زیانێكی نەبووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق ئاشكرایكرد، دوای هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، بڕیاردراوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی ئەمنی بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكە كە بووە هۆی ئاگركەوتنەوەیەكی بچوك لە نزیك یەكێك لە كۆگاكانی سوتەمەنی لەناو كێڵگەكە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمیش رایگەیاند، هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی و ماددی بە كێڵگەكە و كۆمپانیای دانەغاز نەگەیاندوە و بەرهەمهێنانی كارەبا ئاساییە.
بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆریش رایگەیاند، بەپێی زانیارییەكان درۆنەكە لەناوچەی بەشیرەوە ئاراستەی كێڵگەی غازی كۆرمۆر كراوە و لەلایەن گروپە میلیشیا و یاساشكێنەكانەوە جێبەجێكراوە.