خانمی یەکەم: کارکردن بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕانەوەی روفاتەکانیان بەردەوامە
رەوەز
٣ی شوباتی ٢٠٢٥
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە بەغداد پێشوازیکرد لە لەیلا خەفاجی ئەمینداری گشتی مەکتەبی سیاسی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و ئینتیزار ئەحمەد خەزرەجی کە یەکێکە لە شایەتحاڵانی ئەو تاوانانەی کە ڕژێمی دیکتاتۆری، دەرهەق بە کورد لە شاڵاوەکانی ئەنفال کردویەتی.
لە دیدارەکەدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەرپەرشتیاری دۆسییەی گەڕاندنەوەی روفاتی قوربانیانی ئەنفال دووپاتی کردەوە، کارەکە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی روفاتی کوردانی ئەنفالکراو بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە و لە هەوڵدان، تاکو ئەم دۆسییەیە بەگوێرەی پرەنسیپی مرۆیی و بەهاکانی تر، چارەسەر بکەن.
خانمی یەکەمی عیراق لە دیدارەکەدا ئاماژەیبەوەشکرد، "بەدرێژایی ماوەی ڕابردوو لەگەڵ وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کارمان کردووە بۆ بە بەڵگەکردنی ئەو تاوانانەی کە ڕژێمی پێشوو بەرامبەر بە کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە کردویەتی تا بۆ بەرنامەی خوێندنی قوتابخانەکان زیاد بکرێن تا نەوەکان ئاشنا بن بەو ستەمکارییە لەو سەردەمانەدا رویانداوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، گوێی لە گێڕانەوەی شایەتحاڵ خەزرەجی بوو سەبارەت بەو تاوانانەی ڕژێمی دیکتاتۆری لە زینداندا بەرامبەر بە کورد کردویەتی و گوێی گرت بۆ ئەو ئەشکەنجە و دڕندەییەی کە خۆی و خانەوادەکەی و دانیشتوانی دوجەیل روبەرووی بونەتەوە.
لای خۆیەوە لەیلا خەفاجی، هەوڵەکانی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی بۆ گەراندنەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ خانەوادەکانیان بەرز نرخاند و ئاماژەیکرد بە پێویستی پشتگیریکردن و گرنگیدان بە کەسوکاری قوربانییان.