بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارە و تێوەگلانی لە چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی، ژمارەیەك ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا داوا دەكەن سزا بەسەر بانكی رافیدەینی عیراقیدا بسەپێنرێت.

ئەندامێكی كۆنگرێسی ئەمریكا رایگەیاند، بانكی رافیدەین لە عیراق بووەتە ئامێرێك بۆ سپیكردنەوەی پارە لە بەرژوەندی ئێران و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاش لە سەردەمی سەرۆكایەتی جۆ بایدندا رێگەیداوە عیراق ساڵانە دەیان ملیار دۆلار بنێرێت بۆ ئێران بە مەبەستی كڕینی غاز و كارەبا و عیراقیش لەو سزایانە بەخشراوە كە ئەمریكا بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی.

داواشی كردووە، ئەو بەخشینە هەڵبوەشێتەوە و كارئاسانی بكرێت بۆئەوەی عیراق وزە لە وڵاتانی عەرەبی بكڕێت، باسی لەوەش كردوە چەند ئەندامێكی كۆنگرێس هەوڵ دەدەن سزا بەسەر بانكی رافیدەیندا بسەپێنن.

لە بەرامبەریشدا تا ئێستاش بانكی رافیدەین هیچ وەڵامێكی نەداوەتەوە سەبارەت بەو تۆمەتانەی لەلایەن ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكاوە ئاراستەی كراوە.