سودانی داوا لە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عیراق دەكات دەستبەجێ دەستبكەنەوە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، پەسەندكردنی هەمواری یاسای بودجە رۆڵی دەبێت لە سەقامگیری سیاسی و بە لێكتێگەیشتن توانرا بگەنە ئەو قۆناغە بەهۆی هاریكاری حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەران، حكومەت بەردەوام دەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكان و روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكان لە پێناو بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلی عیراق.

وتیشی، سودانی داوا لە حكومەتی هەرێم و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان و وەزارەتی نەوتی عیراق دەكات دەستبەجێ دەست بە جێبەجێكردنی یاسای بودجە بكەن لە پێناو وەبەرهێنانی نمونەیی لە سامانی سروشتیدا بە تایبەتی نەوت كە رۆڵی هەیە لە سەقامگیریدا و ئامرازێكە بۆ بەجێگەیاندنی ئەو بەرنامەیەی دانراوە بە مەبەستی پڕكردنەوەی پێویستییەكانی گەلی عیراق.

جێی ئاماژەیە دواجار ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگی لەسەر هەمواری یاسای بودجەدا، بەپێی یاساكەش هەرێمی كوردستان رۆژانە لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆ 400 هەزار بەرمیل نەوت لە بەندەری جیهانەوە هەناردە دەكات، تێچووی دەرهێنان و هەناردەكردنی هەر بەرمیلێك نەوتیش بە 16 دۆلار دەستنیشانكراوە.