وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی روباری فوراتی بە رێژەیەكی بەرچاو راگەیاند و دەشڵێت، لەگەڵ توركیا و سوریا رێككەوتنێكیان هەیە بۆ بەردانەوەی 500 مەتر سێجا ئاو لە چركەیەكدا.

خالد شمال وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و سوریا لە بواری ئیدارەدانی ئاودا چەندین ساڵە بەردەوامە و پرۆتۆكۆڵێكیش لەنێوان هەردوولادا هەیە، بۆ دابەشكردنی ئاوی روباری فورات بەسەر هەردوو وڵاتدا.

وتیشی، لەگەڵ توركیا و سوریا رێككەوتنێكی دیكەیان هەیە، بۆ بەردانەوەی 500 مەتر سێجا ئاو لە توركیا و سوریاوە بۆ ناو خاكی عیراق.

وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق راشیگەیاند، ئاستی ئاوی روباری فورات بە رێژەیەكی بەرچاو بەزربووەتەوە و لە هەر چركەیەكدا زیاتر لە 400 مەتر سێجا ئاوی تێدەچێت، وتیشی، وەزارەتیان لە بەنداوەكانی حەدیسە و عەمود ئاوی فورات گل دەداتەوە بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاستی عیراق.