پزیشكانی بێسنوور دەڵێت، 70%ی دانیشتووانی سوریا پێویستیان بە هاوكاری بەپەلەی مرۆیی هەیەو رەوشی تەندروستی خەڵکەکە زۆر مەترسیدارە. 

كارلۆس ئاریاس رێكخەری پزیشكیی لە رێكخراوی پزیشكانی بێسنوور لە سوریا رایگەیاند، كاری مرۆیی لە سوریا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، لە كاتێكدا پێداویستییەكانی دانیشتووانەكەشی روو لە زیادبوون دەكات.

وتیشی، زیاتر لە 70%ی دانیشتووانی سوریا هێشتا پێویستیان بە هاوكاری مرۆیی بەپەلە هەیە، لەكاتێكدا تەنها یەك لەسەر سێی بودجەی پێویست دابین دەكرێت بۆ دابینكردنی پێویستییەكان.

ئەو لێپرسراوەی رێكخراوەكە داواشیكرد، بەپەلە قەبارەی ئەو یارمەتییە مرۆییانەی رەوانەی سوریا دەكرێن لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە زیاتر بكرێت، چونكە رەوشی تەندروستی خەڵک لە سوریا زۆر مەترسیدارە، بەتایبەتیش لە حەلەب و دیمەشق.

رۆژی ٨ی ١٢ی ساڵی رابردوو بە رەسمی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد راگەیەنرا و لەو کاتەشەوە سوریا چووەتە قۆناغێکی نوێوە، بەدەر لەوانەش لە چەند ناوچەیەکی سنووری سوریا هێشتا شەڕ و پێکدادان لەنێوان گروپە چەکدارەکان و هێزەکانی سوریادا بەردەوامە، لە رۆژئاوای کوردستانیش بە هەمان شێوە گروپە هاوپەیمانەکانی تورکیا لە هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچەکە بەردەوامن.