د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس گەیشتە سویسرا.

لە میانی کۆنفرانسەکەدا سەرۆک کۆمار، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیهان و سەرۆکی دامەزراوە ئابوورییە جیهانییەکان کۆدەبێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکانی جێی بایەخی هاوبەش و پەرەپێدانی میکانیزمی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی جیهان و چەسپاندنی بناغەکانی پەیوەندیی ئابووریی دووقۆڵی، تا ببێتە  مایەی پەرەپێدانی ژێرخانی وڵات و ئاستی ئابووری نیشتمانی بەرز بکاتەوە.

كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس بە ناونیشانی "هاوكاری بۆ سەردەمی زیرەك"، 20ی ئەم مانگە دەستپێدەكات و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و نزیكەی سێ هەزار سەركردە لە 130 وڵاتی جیاواز و 350 سەرۆكی حكومەت بەڕێوەدەچێت، گفتوگۆكانی كۆڕبەندەكەش لە چوارچێوەی پێنج تەوەردا دەبن، كە بریتین لە پاراستنی سەرچاوەكانی گەشەكردن و پیشەسازیی لەسەردەمی زیرەك و وەبەرهێنان و گۆڕانكارییە جیۆئابوورییەكان، لەگەڵ پاراستنی هەسارە و بنیادنانەوەی متمانە لە جیهانێكی ئاڵۆز و خێرادا.

کۆڕبەندی  داڤۆس، ئەمساڵ دەوری 55ی کۆڕبەندەکەیە، و لە ساڵی 1971وە لەسەر دەستی ئابووری ناسێکی ئەڵمانی بە ناوی کڵاوس شواپ دەستی پێکردووە.