دەوڵەتی یاسا ڕەتیدەكاتەوە مالیكی بە نیازبێت گروپی چەكداری پێكبهێنێت
٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕەتیدەكاتەوە نوری مالیكی بە نیازبێت گروپی چەكداری پێكبهێنێت.
یاسر مالیكی سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەران لە پلاتفۆرمی ئێكس ڕەتیكردەوە، نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانییەكە ، بە نیازبووبێت گروپی چەكداری پێكبهێنێت.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەگەر مالیكی نیازی هەبوایە گروپی چەكداری پێكبهێنێت ، پشتگیریی هێزە ئەمنییەكانی نەدەكرد و قۆناغەكانی ڕابردووی دەقۆستەوە.
وتەكانی یاسر مالیكی لەدوای ئەوەدێت، كە ڕۆژنامەی ئەلخەبەری لوبنانی بڵاویكردۆتەوە ، نوری مالیكی بە نیازە گروپی چەكداری نوێ لە ژێر ناوی ڕۆڵەكانی دەوڵەت پێكبهێنێت، ئەوەش لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانكاریانەی ئەم دواییە كە لە سوریا روویداوە، بەڵام لە ژێر فشاری وڵاتانی نێودەوڵەتی ئەو پلانەی وەستاندوە.