هەر لەسەر ئەو دۆسێیە و دوای بڕیارەكەی وەزیری پەیوەندییەكانی عیراق، كۆمپانیای ئای كیو روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا، سەرجەم ئەو تۆمەت و دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە ئاراستەی كراون، جەختیشیكردەوە، رێوشوێنی یاسایی دژی ئەو كەسانە دەگرنەبەر، كە ئەو تۆمەت و دەنگۆ ناڕاست و بێبنەمایانەیان بڵاوكردووەتەوە.
لە رونكردنەوەكەی كۆمپانیای ئای كیودا هاتووە، هیچ كام لە كۆمپانیاكانی ئای كیو چالاكی نایاسایی ئەنجامنەداوە و هیچ یەكێكیش لە كۆمپانیاكان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە سزا نەدراوە، هیچ گرێبەستێكی نوێشان لەگەڵ حكومەتی عیراق ئیمزا نەكردووە و هیچ پارەیەكیشیان وەرنەگرتووە، بەپێچەوانەوە ئای كیو پارەی داوەتە حكومەتی عیراق لە چوارچێوەی شێوازی هاوبەشكردنی داهات.
كۆمپانیای ئای كیو ئاماژەی بەوەشكردەوە، لەساڵی 2010 مۆڵەتی وەبەرهێنانی ژێرخانی وەرگرتووە بۆ پرۆژەی ترانزێت، لەلایەن حكومەتی عیراقیشەوە نەخراوەتە لیستی رەشەوە.
لە كۆتایی رونكردنەوەكەشدا، كۆمپانیای ئای كیو دەڵێت، ئەو دەنگۆ و تۆمەتانەی ئاراستەیان كراوەتە، تەنها مەبەست لێی چەواشەكردنی هاووڵاتییان و لەكەداركردنی ناو و ناوبانگی كۆمپانیای ئای كیوە، لەكاتێكدا كۆمپانیاكە و عیراق كار دەكەن بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕانكاری دیجیتاڵی و لەناوبردنی هەر قۆرخكارییەك لە ناوچەكە، بۆیە سەرجەم تۆمەتەكان رەتدەكەنەوە و رێوشوێنی یاساییش دژی ئەو كەسانە دەگرنەبەر، كە ئەو تۆمەتانەیان بڵاوكردووەتەوە.