سودانی: حکومەت سوورە لەسەر رێکخستنی پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێم
کوردسات نیوز
٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
٢٬٨٧٤
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سودانی لەگەڵ سەڵاحەدین بەھادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی و وەفدێکی یاوەری کۆبووەتەوە و ھەوڵەکانی حکومەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ھاووڵاتیان لە سەرجەم پارێزگاکان تاوتوێکران.
لەو کۆبوونەوەیەدا سودانی رایگەیاند، حکومەت پەرۆشە بۆ باشترکردنی باری گوزەرانی ھاووڵاتیان لە ھەرێمی کوردستان و رێکخستنی پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێم، ھاوشێوەی ھاووڵاتیانی دیکە لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق، وتیشی، ئەو رێککەوتنانەی لەوبارەیەوە کراون پێویستی بە پابەندبوون ھەیە.
سودانی جەختیشی کردەوە لەوەی، پشتیوانی تەواوی کۆمیسیۆن دەکەن بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە مانگی شوباتی ساڵی داھاتوو بەڕێوەبچێت.