نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان لە سلێمانی دیاریکرا
کوردسات نیوز
٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
٤٬١١٨
بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەکان کۆبوونەوە و بەپێی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەکاندا نرخی ھەر سەعاتێک بۆ یەک ئەمپێڕ ٤٤ دینارە، بەمەش نرخی یەک ئەمپێڕ کارەبای موەلیدەی ئەھلی لە ناوشاری سلێمانی لەنێوان (١٠.٠٠٠) بۆ (١١.٠٠٠) دینارە، بەوپێیەی موەلیدەکان لە نێوان (٢٢٥ بۆ ٢٥٠) کاتژمێر کاریان کردوە، بەھۆی جیاوازی کارکردنیان، نرخی ئەمپێڕێک کارەبای موەلیدەی گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاواز دەبێت.
ڕاشیگەیاند، ھەندێک شوێن بەرنامەی کارکردنی موەلیدەکانیان لە (٧)ی بەیانی بۆ (١)ی شەوە، نرخی ئەمپێریان (١٢.٠٠٠ بۆ ١٣.٠٠٠ ) دینار. ئەو موەلیدانەش کە کارکردنیان ٢٤ کاتژمێرییە نرخی ئەمپێریان (١٣.٠٠٠ بۆ ١٤.٥٠٠) دینارە.
کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە،خشتەی کارپێکردنی موەلیدە بۆ مانگی دوانزە گۆڕانکاری تێدادەکرێت و موەلیدەکان تەنیا لەنێوان ١ی پاشنیوەڕۆ تا ١ی شەو ئەگەر کارەبای نیشتیمانی کۆژایەوە کار دەکەن، بەیانیانیش لەکاتژمێر ٧:٠٠ تا ٨:٠٠ی بەیانی کاردەکەن. رۆژانی ھەینی و پشووە فەرمییەکان بەیانیان کارناکەن لەبری ئەوە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ کاردەکەن.
لەڕاگەیەندراوەکەدا باسیان لەوەکردووە، لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەکان، لەکۆنووسەکەدا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە لەکاتی کوژاندنەوەی کارەبای نیشتیمانی نابێت کارپێکردنی موەلیدە و پێدانی کارەبا بەھاوڵاتیان لە ١٠خولەک زیاتر بخایەنێت، بەپێچەوانەوە خاوەن موەلیدەکە سزا دەدرێت.