مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان پەیامێک بڵاودەکاتەوە
کوردسات نیوز
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
٥٣٥
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان...
رۆژی ٢٥ نۆڤەمبەری ھەموو ساڵێک، رۆژی ھاتنە کۆڕی خەباتی ژنانە دژ بە ستەم و نادادی و جیاکاری و چەوساندنەوە و توندوتیژی، ئەو رۆژە بووەتە سیمبل بۆ ژنان تا لەرێگەیەوە لەسەرتاسەری دونیا، وەک بۆنەیەکی رەسمی چالاکی و گردبوونەوە بکرێت، گوزارشت لە داواکاری و پەیامە یەکسانخوازەکەی ژنان بکرێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان بە رەسمی ئەم رۆژی دیاریکردووە و بۆنەکەش ھەموو ئەو لایەنانە دەگرێتەوە کە کاریگەریان بەسەر ژنانەوە ھەیە بە ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی وەک (نایەکسانی و جیاکاری، توندوتیژی ناو خێزان، توندوتیژی جەستەیی و دەرونی ،دەستدرێژی سێکسی، بازرگانی کردن بە ژنان و خەتەندەکردنی مێینە...ھتد)
یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، وەک حزبێکی سۆشیالیست دیموکراتی و پێشکەوتنخوازی دەربەست بۆ خەمی کۆی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بڕوای پتەوی بە خەباتی ژنان و یەکسانی و نەھێشتنی جیاکاری و ستەم ھەیە، لەسەر ئەم دیدە کە بەشێکە لە رێبازە دروستەکەی سەرۆک مام جەلال بەردەوام دەبێت، لە پێناو ئەوەی ژنان بگەن بە مافەکانیان و جیاکاری بنەبڕ بکرێت و وڵات لەسەر پرنسیپی وەک یەکی و یەکسانی بینابکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە بنەمای یاسایی یۆ مافەکانی ژنان دابندرێت و حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان پابەند بکرێن بە جێبەجێ کردنییەوە.
سەرکەوێ خەباتی ژنان دژی توندوتیژی و پایەدار بێت کوردەوارییەکی دروست و چوون یەک لە سایەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دادپەوەریدا
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان
٢٥/١١/٢٠٢٣