راگەیەندراوی ھاوبەشی کۆبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی
کوردسات نیوز
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
١٬٠٣١
ئەمڕۆ شەممە ٢٥ ی ١١ ی ٢٠٢٣ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای یەکێتی سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی کرد و لەلایەن مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەھائەدین ئەمینداری گشتی و وەفدێکی باڵای یەکگرتووەوە پێشوازی لێکرا .
لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکان ، یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد ، خۆ ئامادەکردن بۆ ئەگەر و پێشھاتەکان کراو جەخت لە بەردەوامی دیالۆگی نیشتمانیی و بەرپرسیارانە کرایەوە بەبەشداری سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەناوخۆی ھەرێم عیراق بەشێوەیەک ژیان و گوزەرانی خەڵک پارێزراوبێت و ھەوڵەکانیش بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان بەتایبەت دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی ھەرێم بخرێنەگەڕ .
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا بە پەرۆشەوە ھاوڕابوون کە دۆخی ھەستیاری ناوچەکە وادەخوازێت نێوماڵی کورد یەکبخرێتەوەو یەکڕیزی بپارێزرێت و کێشەو کەموکوڕییەکانی بەردەم پرسی حکومڕانی چارەسەر بکرێن و ستراتیژی سیاسی حزبەکانیش بخرێتە خزمەت گشتی و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەکات و ساتی خۆیدا بەجۆرێک ببێتە مایەی سەقامگیری زیاتر لەھەرێم و بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێم .
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا تەئکیدکرایەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و فراوانکردنی ھاریکارییەکان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک .