راگەیەندراوی ھاوبەشی کۆبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کوردستان
کوردسات نیوز
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
١٬٠٥٤
لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە کراو جەختیش کرایەوە لەپێویستی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خاک و خەڵکی کوردستان، ھەموو لایەنەکانیش پێکەوە ھەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی بژێوی ھاوڵاتیان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەتی .
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتی و کۆمەڵی دادگەری بە پەرۆشەوە تەئکیدیان کردەوە لە درێژەدان بە گفتوگۆ و دیالۆگی نیشتمانیی لە ھەرێم بە شێوەیەک لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەکان کۆدەنگی نیشتمانیی دروست بکرێت و یەک گوتاری نیشتمانیی ئاڕاستەی بەغدا بکرێت کە سەرچاوەکەی دیدگای باڵای کوردستانی بێت کە بۆئەوەش یەکخستنی ھەوڵەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پەیوەندی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێم بە پێویست زانرا .
دۆخی نەخوازراوی ناوچەکە ، پرسی ھەڵبژاردن دوو تەوەری تری کۆبوونەوەکە بوون کە بە وردی تاوتوێکران و دووپات لە پاراستنی سەقامگیری ئاسایش و ئارامی ھەرێم ، لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ھەڵبژاردن کرایەوە بە شێوەیەک ھەموو ھەوڵەکان بخرێنە گەڕ تا ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە وەڵامدەرەوەی خواستی ھەمووان بێت لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت .
لە کۆتایی کۆبوونەوەکە دا جەخت لەسەر برەودان و بەھێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵیەکانی ھەردولا کرایەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆمەڵی دادگەری کوردستان