ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بەپێی راگەیەنراوێکی کۆبونەوەکەش سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە میلاکی گشتی و ھێزی کاری کەرتی گشتیی حکومەتی ھەرێم، بە ژمارە و داتا و زانیاریی خستەڕوو، بە مەبەستی بە دامەزراوەییکردنی پرۆسەی دامەزراندن لە کەرتی گشتی و بەڕێوەبردنی پێکھاتەی وەزارەت و دامەزراوەکانی ھەرێم.

ھەروەھا، ئەنجامی پڕۆسەی وردبینی ھاوبەشی ھەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و ھەرێمی خستەڕوو، دوای وردبینیش خشتەی مووچەخۆرانی ھەرێمی پێشکەش بەھەردوو حکومەتی فیدڕاڵ وھەرێم کرا، ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران.

لە بڕگەیەکی تری کۆبونەوەکەدا، جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دووپاتکرایەوە کە پرۆسەیەکی ستراتیژیی بەردەوامە بە ئاراستەی رێکخستنەوەی میلاکی گشتی و خانەنشینی لە ھەرێم، لە کۆبونەوەکەدا جەختیش لە گرنگیی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە کرایەوە کە ئامانج لێی داکۆکیکردنە لە مافەکانی مووچەخۆری شایستە کە پێویستە مافیان پارێزراو بێت.