بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، پێنج گروپ و تاقمی تیرۆریستی داعشی ئاشکراکرد و رایگەیاند، لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد و چاودێریکردن، زانیارییان دەستکەوت کە تیرۆریستانی داعش پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەندین کردەوەی  تیرۆریستی لەچەند شار و ناوچەیەکی جیاجیا، دواتر لە سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە و شارەزوور و ناوچە دابڕێندراوەکان ژووری ئۆپەراسیۆن پێکھێنرا و لەئەنجامدا زانیاری وردیان لەسەر تیرۆریستەکان کۆکردەوە و دواتر ناسنامەی ئەندامانی گروپەکان و شوێن و مانەوەیان دەستنیشانکران.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش پێنج مانگ کارکردنی بەردەوام و لە دەیان ئۆپەراسیۆندا ٥٥ تیرۆریست کە ئەندامی تۆڕ و گروپەکانی داعش بوون دەستگیرکران، کە لەو ژمارەیە حەوتیان لە کەرکوک و ١٧یان لە سلێمانی و ١٢یان لە گەرمیان و ١٣یان لە ھەڵەبجە و سەیدسادق و شارەزوور و پێنجوێن لەگەڵ شەش تیرۆریستی دیکە کە پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ گروپەکەی کەرکوک ھەبووە لە سلێمانی دەستگیرکران.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەناو دەستگیرکراوەکاندا سیانیان ئەمیر و تیرۆریستی گەورەن و پیلانیان دانابوو لە چەندین شاری ھەرێم کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن.