دابەشکردنی نەوت لە ناوەندی شاری سلێمانی و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری بەردەوامە
١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
٨٢٠
تەھا جەمال لێپرسراوی دابەشکردنی نەوت لە شاری سلێمانی و دەوروبەری بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نەوت لەمەڵبەندی ١٠ لە ناوەندی شاری سلێمانی دابەشدەکرێت و دوای تەواوبونی ئەو مەڵبەندە، لە مەڵبەندی یەکەوە دەستپێدەکەنەوە.
وتیشی، دابەشکردنی نەوت لە قەزاکانی چەمچەماڵ و رانیە و دوکان و ھەڵەبجەی تازە بەردەوام دەبێت، لەسەرەتای مانگی ١٠ی ئەمساڵیشەوە، لە ناوچە شاخاوییەکان و قەزا و ناحیەکانی دەرەوەی شار، ١٤٦ ھەزار ٥٤٠ خێزان نەوتیان وەرگرتووە و لەناو سەنتەری شاریشدا، ٤٤ ھەزار و ١٨٤ خێزان نەوتیان وەرگرتووە.
راشیگەیاند، پێویستیان بە ١١٠ ملیۆن لیتر نەوتە بۆ ئەوەی ھەموو خێزانەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی نەوت وەربگرن و تائێستا توانیویانە ٣٨ ملیۆن لیتر نەوت دابەشبکەن.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش، لە ماوەی ئەمساڵدا ١٠٠ ملیۆن لیتر نەوت لە ناوچە جیا جیاکانی ھەرێمی کوردستان دابەشکراوە و ھەر خێزانێک ٢٠٠ لیتری وەرگرتووە.