کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنوری بانە کوژرا، بەوەش لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا دوو کۆڵبەر لەو سنورەدا کوژراون. 

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کۆڵبەرێک بە ناوی جەلال حەیدەریان کە تەمەنی ٢٨  ساڵە، بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنوری ھەنگەژاڵ لە بانە کوژرا، بەپێی راپۆرتەکە، ئەو کۆڵبەرە خەڵکی گوندی "قاچیان"ە لە شاری دیواندەرە. 

ئێوارەی رۆژی سێشەممەش کۆڵبەرێکی دیکە تەقەی لێکرا و لە ھەمان سنور کوژرا، بەوەش لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا دوو کۆڵبەر لە سنوری بانە کوژراون. 

بەپێی رێکخراوی ھەنگاو، لەسەرەتای پاییزەوە واتە لە ماوەی ٥٥ رۆژدا، پێنج کۆڵبەر بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و لانیکەم ٣٥ کۆڵبەری دیکە برینداربوون.