قوباد تاڵەبانی: تا خوێنی شەهیدانی بەرگری لە كەركوك بەفیرۆ نەچێت دەنگ بدەن
کوردسات نیوز
١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١
٧٠٩
لەسەرووبەندی دەستپێکردنی پرۆسەى دەنگدان لەسەرتاسەرى عێراقدا، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی ئاراستەى هاوڵاتیانی شارى کەرکوک کرد و داواى لێکردن کەرووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان و بەدەنگەکانیان چارەنوسی کەرکوک دیاری بکەن.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ بەداخەوە دوێنێ بە هەواڵى شەهیدبوونی رێکەوت محەمەد هەیاس رۆژمان کردەوە، کە رۆڵەیەکی گیانلەسەردەستی ئەم گەلە بوو، دواى ئەوەى لەداستانێکی قارەمانانەى بەرگرى کردن لەخاکی پیرۆزی کەرکوکی قودسی کوردستان و رووبەرووبونەوەى تێرۆریستاندا برینداربوو چەندین ساڵیش بەئازارەوە مایەوە، دواجار گیانی پاکی سپارد.
قوباد تاڵەبانی وتی: بۆ ئەوەى خوێنى شەهید رێکەوت و گشت شەهیدانی بەرگرى کردن لەخاکی پیرۆزی کوردستان و کەرکوکی خۆشەویست بەفێڕۆ نەچێت، داواتان لێ دەکەم سندوقەکانی دەنگدان بکەنە سەنگەرى بەرگری لەمافەکانتان و بەدەنگەکانتان پارێزگارى لەکوردستانیبوونی ئەم شارە دێرینە بکەن.
جەختیشی کردەوە کەبەشداریکردن لەپرۆسەى هەڵبژاردن و دەنگدان، بەهێزترین چەکە بۆ رووبەرووبونەوەى دوژمنانی گەلەکەمان و بەم جۆرە لەئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق دەتوانین بەیەک دەنگ رێگر بین لەهەر پیلان و هەڕەشەیەک کەبکرێتە سەر گەلی کورد و کاربکەین بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانمان.