بایدن فشار دەخاتە سەر ناتانیاهۆ بۆ ئاگربەستی نیمچەیی لە غەززە
ڕێباز
٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٨
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا فشار دەخاتە سەر بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ڕێكەوتنێك بۆ ئازادكردنی بارمتەكان و ئاگربەستی نیمچەیی لە غەززە.
بەپێی میدیاكانی ئەمریكا، پێشنیارەكەی بایدن بۆ ناتانیاهۆ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا دوای رێككەوتن لەسەر ئاگربەستی لوبنان هاتووە، زانیارییەكان باس لەوەدەكەن تائێستا ١٠١ بارمتە لە غەززە لەلایەن حەماسەوە دەستگیركراون كە حەوت هاووڵاتی ئەمریكییان تێدایە، ئیسرائیل دەڵێت نزیكەی نیوەی ئەو بارمتانە هێشتا زیندوون.
كاربەدەستانی ئیسرائیل و ئەمریكا دەڵێن، ڕێككەوتنی ئاگربەست لە لوبنان چانسی گەیشتن بە ڕێكەوتن لە غەززە زیاد دەكات، تەنانەت ئەگەر تەنها جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی ڕێكەوتنەكە، ئازادكردنی چەند بارمتەیەك بگرێتەوە.
وەزیرێكی باڵای ئیسرائیلیش وتویەتی، ناتانیاهۆ هەوڵدەدات بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی نیمچەیی لەسەر بارمتەكان بەڵام بەو مەرجەی ناچار نەبێت بە بە كۆتاییهێنان بە شەڕ و كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئیسرائیل لە غەززە.