کاندیدەکەی ھاوپەیمانی لە وەڵامەکەیدا بۆ پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بەوەشدا " بۆ ئەمڕۆو سەد ساڵی تریش، ھەزار (٣١)ی ئابی تریش بکەنەوە، ھەر ئێمەین خەڵکە بە شەرەفەکەی ھەولێر دەپارێزین و دیفاعیان لێدەکەین".

دەقی وەڵامەکە ...

پارێزگاری ھەولێر شەکری شکاند

مژدە ئیسماعیل 
کاندیدی ژمارە ٢٢
لە بازنەی ٤ی ھەولێر

ھەر کە دیتم قسەی کردیە خێرا چووم بیخوێنمەوە، گۆتم بەخوای والی تازەی شارەو قسەی باق و بریقی پێ نییە، ئەکید کێشەی ئاوی باداوەی حەل کردیە!
فکرم کردەوە گۆتم نا، پێش بارینی بارانەو ئەکید جەنابی پارێزگار کێشەی ئاوەڕۆی ھەولێری حەل کردیە! ھیچکە جسری سەیداوە ناکەوتە بن ئاوێ! ئەویش نەبوو.
گۆتم ئەکیدبە والی کێشەی زەوییەکانی حەسارۆک و خزمەتگوزاری بنەسڵاوە و سیمی خاتووناوەو شاوێس و پیرزین و بەحرکەو تەیراوەو سێتاقانی حەل کردیە، وەڵا ئەویش نەبوو!
گومانم نەما، گۆتم والی باش فکری کردیتەوە و کۆرانەکانی بێرکۆتی نوێ و قەراتی نوێ و گەڕەسۆری قیڕ کردیە، وەڵا بابە ئەوانە نەبوو.
وازم لەو فکرانە ھیناو گۆتم محافزەکەمان بڕیاری دایە دیفاع لە ھەولێرییەکان بکاو کابرای شەقوەشێنی گرتووە، ئەوەی لە مامۆستاکەی ھەولێری دا، وەڵا ئەویش نەبوو.
فکرم کردەوە لەوانەیە جەنابیان داوای لێبووردن لە کەسوکاری ئەوانە بکات کە لەسەر دیدی جیاواز لە سجنیان کردوون و بەندکراوە بەناھەق گیراوەکان بەردەدەن، ئەویش نەبوو.
وەمزانی والی ئاقڵ بووەو قەناعەتی بە حزبەکەی کردیە، خەڵکی ھەژارو رەش و رووتی ھەولێر بەبێ تەزکیەی حزبی و وەرەقەی رێکخراو و ناوچە دەتوانن بیر لێبدەن و کاسبی بکەن و لەسەر زەوی خۆیان خانوو دروست بکەن، ئەویش نەبوو!
زۆرم فکر کردەوە ھیچیان نەبوو، دیتم والی خۆی لەبیرچووەو شەکرەکی گەلەک لەخۆی گەورەتری شکاندیە! نەیزانیە محافزەو ھەر وایزانیە لە مەراسیمە حزبیەکانە لەپشت مایکەوە ھاوار بکاو بقیڕێنێ!
ئەوجا با بێینە سەر وەڵام و دوو قسەی ھەق بۆ ئومێد خۆشناوی محافزی پارتی:
جارێ پێش ھەموو شتێک خەڵکی بە شەرەفی ھەولێر دەزانن ئێمە چۆن ھاتینەوە ھەولێرو ئێوە چۆن! کاک کۆسرەتی ھەولێریان لەگەڵ پێشمەرگەکانی بە سەربەرزیەوە بەپێ ھاتنەوە ھەولێرو لەبەردەم ئەو بینایەی ئێستا تۆ محافزی سەربەرزانە پێدەکەنی و بە ھەولێرییەکانی گۆت ئەوە ئێمە لێرەین!
ئێوە چۆن ھاتن؟ بە ترسەوە، بە سەرشۆڕیەوە لەسەرپشتی  (٣١) ریزە دەبابەی رژێمی بەعس و سەدامی خوێنمژ ھاتنەوە ھەولێر، دەی پێم بڵێ کێ سەربەرزترە!
جەنابی والی باسی دزی و تاڵانی دەکەی، کام دزی و تاڵانی؟ ئەوەی بە تەنھا لە ٣١ی ئاب لە ھەولێر ٣١ ھەزار ماڵ و دوکان تاڵان کرا، کێ کردی، ھەر ئێوەو حەرەس جمھوریەکانی دۆستتان نەبوون!
ئەمڕۆ نییە ئێمە دەزانین لەو شارە خزمەتگوزاری خراپە، ھەر ئەوەنا ٢٥ ساڵە ئێوە ئەو شارە دەچەوسێننەوەو خەڵکەکەی ئازار دەدەن و ئازادیتان نەھێشتووە، ھەولێرێکی تازەتان بۆ خۆتان و ئاغاکانتان دروست کردووەو خەڵکی رەسەن و ئەسڵی ھەولێریش بێ خزمەتگوزارین و ھێشتاش کێشەی ئاو و کارەباو قیرتاوکردنی شەقامەکانیان ھەیە.
جەنابی والی و حزبەکەی زۆر باسی فرەکێخوایی دەکەن، پێدەچی لە بەینی ئازادی و دیموکراسی و دیکتاتۆری لێیان تێکچووبی، ئێمە شانازی بەوە دەکەین حزبەکەمان رای جیاوازەو ھەموومان بیر دەکەینەوە، وەک خەڵکی تر نین چەند کەسێک لە جیاتی ھەمووان بیر بکەنەوە!
ئەو مەحافزە حزبیە دوو رۆژەی ھەولێرو حزبەکەی، زۆر باسی دوو ساڵ حوکمڕانی یەکێتی لە ھەولێر دەکەن، ئەوکاتەی کاک کۆسرەت سەرۆکی حکومەت بوو مووچەی زیاد کردو بە قەرزیش با نەیدەھێشت خەڵک برسی بێ، خەڵکی بە شەرەفی ھەولێر باش لەبیریانە سەرۆک حکومەتەکەی ئێمە ھەموو رۆژ دەرگای لەسەر پشت بوو بۆ خەڵک، لەسەر جادەو سەر بۆنیتی سەیارە ئیشی خەڵکی جێبەجێ دەکرد، جەنابیشت ئەوکات یەکێک بووی لە موراجیعەکانی بۆ چوویتە لای؟ 
سەرۆک حکومەتەکانی ئێوەش کە بە جادەدا دەڕۆن رێگایان بۆ قەتع دەکەن و بە ھامەرو ھێزی سەربازیشەوە ناوێرن بڕۆنە ناو خەڵک، ھەفتەیەکی لەناو خەڵک بوونی کاک کۆسرەت زیاترە لە چوار ساڵی سەرۆک حکومەتەکانی ئێوە، ھێشتا پێی دەوێ!
جەنابی محافز باسی ویژدان و سەنگی مەحەک دەکات، بەڵێ ئەگەر ترس و تۆقاندن و ھەڕەشەو تەزویرەکانتان نەبێت، دەنگی خەڵکی تێکۆشەری ھەولێر سەنگی مەحەکەو خەڵک پێتان دەڵێت کێی دەوێ و چی دەوێ؟ واباشە بێدەنگ بیت و مەسەلەی قەیسەری و کونەمشک نەھێنیە گۆڕێ، چونکە ئەوکاتەی پێشمەرگەکانی یەکێتی قەیسەریان لە بەعسیەکان کردبووە کونەمشک خەڵک لە کەرەج بوون! ئێمەش دەزانین ئێوە لەکوێ ھاتوون؟ چۆن ھاتوون، چیتان کردووە تا ھاتوون، بە قسەمان مەھێنن با دەممان نەکەینەوە ئەگەرنا مێژووەکەتان ئەوەندە پڕە لە خیانەت تا (٣١) سەدەی ترو (٣١) ھەزار ساڵی تریش تەواو نابێ.
دوا قسەم بۆ جەنابی محافز، زۆر ناگەڕێمەوە دواوە، لە شەڕی داعش، ھەر کە داعش نزیک بووەوە راتان کردو داواتان کرد فریاتان بکەوین، خێرا ھاتین، دەزانی لۆ؟ ئێمە خەڵکی رەسەنی ھەولێرین و بەخوێن ئەو شارەمان لە بەعس رزگارکرد و بەخوێنیش دەمانپاراست و پاراستمان، بەڵام ئێوەنا، دڵنیابووین چۆن بە پشتی دەبابەکانی بەعس ھاتن ئاواش راتان دەکردو جێتان دەھێشت، چونکە پێوەی ماندی نەبوون و بەعس شارەکەی بۆ داگیر کردن.
بۆ ئەمڕۆو سەد ساڵی تریش، ھەزار (٣١)ی ئابی تریش بکەنەوە، ھەر ئێمەین خەڵکە بە شەرەفەکەی ھەولێر دەپارێزین و دیفاعیان لێدەکەین.

سەنتەری رۆشنبیری گۆران داوا لەھاووڵاتیانی ھۆزەکەیان دەکەن کە بەشداری ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن. چونکە ئەو ھەڵبژاردنە چارەنووس سازە بۆ میللەتی کورد و زیاتکردنی کورسییەکانی کورد لە بەغداد.