ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ڕێکخەرانی کۆبوونەوەکەی ھەولێر دەگیرێتەبەر
٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢١
١٬٣٢٤
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی وۆرکشۆپێکی لە ھەولێر بۆ ژمارەیەک کەسایەتی بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق ئەنجامداوە بە مەبەستی کارکردن لە سەر چەمکەکانی پێکەوەژیان و چەسپاندنی بنەماکانی فیدراڵیزم لە عێراق لەبەر ڕۆشنایی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، بەڵام بە داخەوە، ھەندێک لەسەرپەرشتیارانی ئەم چالاکییە، ئەم وۆرکشۆپەیان بە لاڕێدا بردووە و بۆ ھەندێک مەبەستی سیاسی بە کاریان ھێناوە کە دوور بووە لە مەرجەکانی مۆڵەتپێدانی ئەم جۆرە وۆرکشۆپانە و لە میانەی چالاکییەکەدا، چەند ووتار و بەیاننامەیەک بڵاوکراونەوە کە بە ھیچ شێوەیەک لە گەڵ سیاسەتی ڕەسمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناگونجێت و گوزارشت لە سیاسەتی ھەرێمی کوردستان ناکات.
وەزارەتی ناوخۆ ڕاشیگەیاندووە، ڕێکاری یاسایی دەگرێتە بەر بەرامبەر بەو کەسانەی، کە ئەم کۆبوونەوەیان بە لاڕێدا بردووە و ھەروەھا کەسە کەمتەرخەمەکان بە سزا دەگەیەنێت لە ھەر لایەکەوە بن.
ھەرێمی کوردستانی عیراق، وەک کیانێکی دەستووری لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، وەک ھەمیشە پابەندە، بە سیاسەتی دەرەوەی فەرمیی دەوڵەتی عێراق و بە ھیچ شێوەیەک، ڕێگا نادات کەسانێک کەشی ئازادی و دیموکراسی کە لە ھەرێمدا بەرقەرارە، بۆ مەرامی دیکەی سیاسی بەکار بھێنن و ئەو کەسانەی کە بەم کارانە ھەستاون، دوور دەخرێنەوە و جێگەیان لە ھەرێمی کوردستان نابێتەوە.