بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی ھەڵگری رێبازی چەپکە گوڵەکە دەبێت
کوردسات نیوز
١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١
١٬٠٧٠
لە کۆبوونەکەدا بافڵ تاڵەبانی ئامانجی سەردانەکەی بۆ بەغدا و گرنگی کۆبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردووی بۆ ئەندامانی یەکێتی لە بەغدا روونکردەوە گفتوگۆی لەبارەوە کرا و وەڵامی سەرنج و پرسیارەکانی ئەندامانی مەڵبەندی دایەوە.
لەبارەی ھەڵوێست و ستراتیژی یەکێتییەوە ھاوسەرۆک رایگەیاند، یەکێتی بەھەمان رۆحییەت و روئیای نیشتمانییانەی مام جەلالەوە کاردەکات و ھەڵگری رێبازی چەپکە گوڵەکە دەبێت. بڕوای تەواومان بە کاری پێکەوەیی و ھاوبەش ھەیە و پێشوازی لە ھەر ھەوڵێک دەکەین کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بکات. دەرگامان بۆ ھەر ھێز و لایەنێک کراوەیە کە بیەوێت پێکەوە لەپێناو کوردستان و خەڵکە خۆشەویستەکەی کاربکەین.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگی و پێگەی سیاسی یەکێتی لە بەغدا کرد و وتی، چالاکییە سیاسی و دیبلۆماسییەکانمان لە بەغدا زیاتر دەکەین، چونکە بڕوامان بەوەیە ئەگەر بمانەوێت مافی گەلەکەمان و کێشەکانمان لەگەڵ ناوەند لەسەر بنەماکانی دەستوور جێبەجێبکەین، دەبێت چالاکانەتر کاربکەین و لەگەڵ دۆستەکانمان بەردەوام لەپەیوەندیدابین لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان. بۆ ئەوەش مەڵبەندی یەکێتی راسپارد درێژە بەسیاسەتی ھاوبەشی بدەن لەگەڵ ھەموو ھێز و نەتەوە و پێکھاتە جیاجیاکانی بەغدا و لەھەماھەنگی بەردەوامدابن بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانی خەڵکی کوردستان.
یەکڕیزی و یەکدەنگی گەلی کورد تەوەرێکی تری کۆبوونەکەوە بوو و ھاوسەرۆک رایگەیاند، یەکێتی ھەمیشە بڕوای بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ھەبووە و ئاماژەی بەڕۆلی یەکێتی کرد لەچارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و وتی، دەبێت پەرە بەو پەیوەندییە مێژووییە بدەین کە سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەی داناوە، بەھەمان رۆحییەت لەگەڵ دۆستەکانمان بەردەوامبین و وەک ھەمیشە یەکێتی دەبێت مەرجەع و خاڵی کۆکەرەوەی جیاوازییەکان بێت. لەپێناو گەلەکەمان درێژە بەخەباتی نیشتمانی خۆمان بدەین و بەھیچ شێوەیەکیش سازش لەسەر ھێڵە گشتی و ستراتیژییەکانمان ناکەین تەنھا لەسەر مافی کورد و بەرژەوەندی گەلەکەمان نەبێت کەئەمەش شانازی یەکێتیبوونمانە لەھەموو قۆناغەکانی خەباتدا.