وەزارەتی نەوتی عیراق ئاشکرای کرد، بەرنامەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ کۆمپانیای پترۆلیۆمی بەریتانی دەبێت بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، دەشڵێت: بەرهەمی ئێستای غاز نزیکەی سێ هەزار و 200 ملیۆن پێ سێجایە لە رۆژێکدا.

عەلی مەعرەج، بریکاری وەزارەتی نەوتی عیراق بۆ دابەشکردن رایگەیاند: ئامانجمان پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و بە دامەزراوکردنی کەرتی غازە، لەپێناو بەدیهێنانی ئاستی خۆبژێوی و دامەزراندنی پاڵاوگەی مۆدێرن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرنامەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ کۆمپانیای پترۆلیۆمی بەریتانیای هەیە، بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان لە پارێزگای کەرکوک، کە لە ئێستادا گفتوگۆ تەکنیکی و گرێبەستییەکانی بەڕێوەدەچێت بۆ گەیشتن بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولادا.

بریکاری وەزارەتی نەوتی عیراق سەبارەت بە بەرهەمهێنانی غازیش ئاماژەی بەوەدا، کە بەرهەمهێنانی غاز ڕۆژانە نزیکەی سێ هەزار و 200 ملیۆن پێی سێجایە، بەڵام ٪60-65ی وەبەرهێنانی بۆ دەکرێت و ئەو بڕەی دەمێنێتەوە دەسوتێنرێت.

راشیگەیاند، بڕیارە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بڕی سوتانی غاز بگاتە سفر و بەرهەمهێان بۆ ٪100 بەرزببێتەوە، ئەمەش لەرێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی بۆ وەبەرهێنان لە غازدا.