خالید بەتال وەزیری پلاندانانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێستا کە نرخی نەوت گەیشتووەتە نزیکەی ٧٥ دۆلار، دەبێت کورتھێنانە ٢٨ ترلیۆن دینارییەکەی بودجەی ئەمساڵی پێ پڕبکرێتەوە.


وتیشی، ئەگەر نرخی نەوت بگاتە ١٢٠ دۆلاریش نابێت ھەڵەی حکومەتەکانی پێشوو دووبارە بکرێتەوە و دەبێت ئەو پارەیە خەرج نەکرێت و پێویستە ھەڵبگیرێت بۆ دوو ساڵی تر کە ڕەنگە تەنگەژەی ئابووری ڕوو لە عێراق بکاتەوە.


بەتال باسی لەوەشکردووە، نابێت بوترێت بۆچی نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و پارەکەی دیار نییە، چونکە پارەی نەوت دوو مانگ دواتر بە دەستی عێراق دەگات، بۆیە کاتێک نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە دوای دوو مانگ ئەنجامەکەی دەردەکەوێت.