نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی، ئەوەش دوای ئەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک لەسەر بەرزکردنەوەی رێژەی بەرھەمھێنانی رۆژانە رێککەوتن، بەوەی کە ئەو رێککەوتنەی ئۆپیک رێژەیەکی زۆری نەوت دەخاتە بازاڕەوە.

لە لایەکی تریشەوە تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا لە جیھان خێراتر بووە، ئەمەش ئەوەندەی دیکە مەترسی لەسەر جووڵەی بازاڕی وزە دروست کردووە.

نەوتی برێنت بەڕێژەی ٦ % نرخەکەی لەدەستدا و یەک بەرمیل نەوت لە گرێبەستەکاندا بە پێوەری جیھانی بە ٦٨ دۆلار و ٨٠ سەنت مامەڵەی پێوە کرا، لەکاتێکدا نەوتی خاوی تێکساس رێژەی زیاتر لە ٧ %ی نرخەکەی لەدەستدا و یەک بەرمیل بە ٦٦ دۆلار و ٧٠ سەنت مامەڵەی پێوە کرا.