لە ڕێنماییەکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە، بەرێوەبەرایەتی باجی لێبڕینی ڕاستەوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان، بەرپرسیاریەتی وەرگرتنی باجی فرۆشراوەکان بە ڕێژەی ١٠٪ دەگرێتە ئەستۆ بۆ ئەو شوێنە گەشتیاریانەی لە چوار ئەستێرە بەرەو سەرترن.


ھەروەھا کارگێڕی شوێنە گەشتیاریەکانیش پابەند دەکرێن بە ڕاپۆرتی مانگانە لەسەر کۆی داھاتی خزمەتگوزاریەکانیان و بڕی باجی وەرگیراو لێیان، ھاوکات دەبێت لە کۆتایی ھەموو ساڵێکدا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان پێشکەش بکەن بە مەرجێک نەگاتە سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی نوێ.


ھەروەھا وەزارەتی دارایی شوێنە گەشتیاریەکان ئاگادار دەکاتەوە ئەگەر لە وادەی خۆیدا باجەکەیان نەدەن ئەوا بە بڕی ١٠٪ی باجی کەوتوو لەگەڵ ١.٥٪ سوودی بانکیش دەکەوێتە سەریان.


جێی ئاماژەیە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە نوسراوی ژمارە ٥٢١٢ کە بەرواری ٢٤ی ئەم مانگەی لەسەرە ڕێنماییەکی دەرکرد کە تیایدا باجی سەر شوێنەگەشتیەکانی ڕوونکردووەتەوە.