وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق رەتیدەکاتەوە، دەرگای ھاوردەکردنی مریشک و ھێلکەی لەوڵاتانی دەرەوە کردبێتەوە، تەئکیدیش دەکاتەوە کە بەمەرج رێگا بەھاوردەکردنی مریشک لەھەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی تری عیراق دەدەن .


(حەمید نایف) وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق رایگەیاند، ئەو ھەواڵانە دوورن لەراستیەوە کە باس لەوەدەکەن حکومەت رێگەی بەھاوردەکردنی پەرلەوەرو ھێلکە دابێت، بەپێچەوانەوە لەپێناو پاڵپشتیکردنی بەرھەمی ناوخۆیی قەدەغەی ھاوردەکردنی پەلەوەر بەردەوامە.


وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ روونیکردەوە، بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلارەوە نرخی عەلەف و سۆیا و چەندین پێداویستی تر گرانبوون و ئەوەش وایکردووە نرخی مریشک و ھێڵکە بەرزبێتەوە
سەبارەت بە ھەماھەنگی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان (حەمید نایف) ئەوەی خستەڕوو، کە وەزارەتی کشتوکاڵ رێگە بە ھاوردەکردنی پەلەوەرو ھێڵکە لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگانی تری عیراق دەدات، بەمەرجێک  دەروازە سنوورییەکان بەرووی ئەو دوو بەرھەمەدا دابخات و تەنھا بەرھەمی ناوخۆی ھەناردە بکات نەک بەرھەمی ھاوردەکراوی وڵاتان .