رێکخراوی ئۆپیک ئاشکرای کردووە، لە دوو مانگی رابردوودا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی وڵاتانی ئۆپیک ٤٤٥ ھەزار بەرمیلی رۆژانە زیادیکردووە .


رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت، کە بە ئۆپیک ناسراوە لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، لە مانگی ئاداری ٢٠٢١دا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی وڵاتانی ئۆپیک ٢٥ ملیۆن و ١٨ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بووە، بەڵام لە مانگی ئایاردا بە تێکڕا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ولاتانی رێکخراوی ئۆپیک بۆ ٢٥ ملیۆن و ٤٦٣ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبووەتەوە .


راپۆرتەکە رونیکردووەتەوە، لە کۆی ١٣ وڵاتی ئەندامی رێکخراوی ئۆپیک ھەشت وڵاتیان لەمانگی ئایاردا بەرھەمھێنانی نەوتیان زیادیکردووە و پێنجیان کەمیکردووە .


باسی لەوەشکردووە، سعودیە لە پلەی یەکەمدا ھاتووە و لەو ماوەیەدا رۆژانە ٣٤٥ ھەزار بەرمیل بەرھەمھێنانی زیادکردووە .


ئەو زیادبوونەش ھاوکاتە لەگەڵ بوژانەوەی بازاڕەکانی جیھان و زیادبوونی خواست لە سەر سوتەمەنی و دواین رێککەوتنی وڵاتانی ئۆپیک پڵەس  بۆ زیادکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت، کە بریارە قۆناغ بەقۆناغ ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بەرزبکەنەوە و تا کۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ ٢ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار بەرمیلی زیاتر بخەنە بازاڕەوە .