نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی مێژوویی لە بازاڕەكاندا تۆماركرد
١٩ی شوباتی ٢٠٢٥
نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی هەرێم بەرزترین ئاستی مێژوویی تۆماركرد و نرخی نەوتیش بەرزبووەو گەیشتە 76 دۆلار.
نرخی زێڕ لە بۆرسەكانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی و لە هەرێمی كوردستانیش گەیشتە ئاستێك كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە، بەششێوەیەك نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 625 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت، لە ماوەی تەنها یەك شەویشدا نرخی ئۆنسەیەك زێڕ 50 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2 هەزار و 945 دۆلار.
ئەوەش لە كاتێكدایە چەند رۆژێكە بە بەردەوامی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا لە بەرزبوونەوەدایە و نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 76 دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و نەوت دوای ئەوە دێت كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاریدا بە سەپاندنی سزا و باج بەسەر چەند وڵاتێكدا و ئەوەش ناجێگیری ئابووری و بازرگانی لە جیهاندا دروستكردووە.