وەزیری وزەی توركیا دەڵێت تائێستا عیراق هیچ زانیارییەكی لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم پێنەداون.
ئاڵپ ئارسڵان بایراكتار وەزیری وزەی توركیا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، تائێستا هیچ زانیارییەكیان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە پێنەگەیشتووە، لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
رۆژی 2ی ئەم مانگە، هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەسەندكراو تێچوی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوتیش بە 16 دۆلار دیاریكرا، ئەوەش رێگەخۆشكەربوو بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كە بە بڕیاری دادگا پاریس لەمانگی سێی 2023ەوە راگیراوە.
لەئێستاشدا وەفدێكی وەزارەتی نەوتی عیراق لە هەولێرە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی توركیاوە، وەزیری نەوتی عیراق و وەزیری سامانە سروشتییەكانیش رایانگەیاندووە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا، هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەستپێدەكاتەوە.