توشبوانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان، قوربانیی لە بیركراوی جەنگی غەززەن ، چونكە بەهۆی جەنگەكەوە هێندەی تر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بووە و ژمارەیەكی زۆریشیان گیانیان لەدەستداوە  .

خەلیل دەقران ، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە دەڵێت ، نزیكەی 350 هەزار نەخۆش لە كەرتەكە كە نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە ، روبەروی مەترسی مردن دەبنەوە ، ئەوەش بەهۆی لەناوچونی ناوەندكانی چاودێری سەرەتایی و ئەو رێگریانەی ئیسرائیل لە بەردەم هێنانی دەرمانی تایبەت بەوان دروستی دەكات .

هەروەها دەڵێت ، ئیسرائیل بە مەبەست دەیەوێت ئەوە نەخۆشانە لە خزمەتگوزارییە پزیشكییەكان بێبەش بكات ، بۆ ئەوەی بەو رێگەیە فشارەكان لەسەر دامەزراوە تەندروستییەكان لە ناوچە جیاوازەكانی كەرتەكە زیاتر بكات ، هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە توشبوانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان گیان لەدەست بدەن .

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ، سوپای ئیسرائیل لە هێرشەكانیدا ، لە كۆی 90 ناوەندی تەندروستی ، نزیكەی 82 ناوەندی لەناوبردووە و 72 نەخۆشخانەش بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە توانای پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستییان نەماوە، بەتایبەت لە ناوچەكانی باكور و باشوری غەززە و تەنها ناوچەكانی ناوەراستی كەرتەكە خزمەتگوزاری پزیشكی پێشكەش دەكەن .

 هەر بەپێی داتاكان ، بەهۆی جەنگ و ئەو رێكارانەی ئیسرائیل دژی غەززە گرتویەتیەبەر ، دەرمانی كۆگاكراو لە كەرتەكە بەرێژەی لە سەدا 70 كەمبوەتەوە و نزیكەی لە سەدا 80 ی دەرمانە سەرەكییەكانیش كە ژیان رزگار دەكەن ، لە ناوەندە تەندروستییەكاندا نەماون .

هەروەها دامەزراوە تەندروستییەكان لە غەززە توانایان نیە پشكنینی پێویست بۆ توشبوانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان ئەنجام بدەن ، چونكە دەرمان و كەرەستەی پێویست بۆ تاقیگەكان بەردەست نیە و ئەنجامنەدانی ئەو پشكنینانەش هێندەی تر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات .