ئەمڕۆ 26 ساڵ بەسەر دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان تێدەپەڕێت
هادی
١٥ی شوباتی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ 26 ساڵ بەسەر دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" تێدەپەڕێت، كە لە 15ی شوباتی 1999 لە كینیا دەستگیركرا.
عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" ناوی تەواوی عەبدوڵا عومەرە و ناسراوە بە ئاپۆ، لە 4ی نیسانی 1949 لە گوندی ئامەرا لە قەزای خەلفەت لە پارێزگای رەحا لە دایكبووە، لە پەیمانگایەك هونەری توركی خوێندووە، دواتریش بەشی یاسای لەزانكۆی ئیستەنبوڵ خوێندوە و زانستە سیاسییەكانیشی لە ئەنقەرە تەواوكردووە.
لە 27تشرینی دووەمی 1978 بە بەشداری 23 كەس، لەگوندی فیس لە پارێزگای ئامەد پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"ی دامەزراندوە، دوای كودەتا سەربازییەكەی 12ی ئەیلولی 1980ی توركیا، پەكەكە كەوتە ژێر فشارەوە، دواتر هەر لە ساڵی 1980 ئۆجەلان لەگەڵ چەند كەسێكدا چوونەتە لوبنان و لەدۆڵی بیقاع هێزی چەكداری دامەزراندوە.
لە 15 ئابی 1984 بەفەرماندەیی مەعسوم كۆركوماز یەكەم فیشەكی گەریلاكانی پەكەكە، بەڕووی سوپای توركیادا تەقێنرا، ئەوەش بووە دەسپێكی شەڕێكی درێژخایەن كە تائێستاش بەردەوامە.
ئۆجەلان لە ساڵی 1990 لە لوبنانەوە چووە سوریا، تا ساڵی 1998 لە سوریا نیشتەجێبوو، لە ژێر گوشاری توركیا لە 9ی تشرینی یەكەمی 1998 سوریای بەجێهێشتووە و روی كردوەتە روسیا و یۆنان و ئیتاڵیا، لەو وڵاتانەش مافی مانەوەی قبوڵنەكرا، دواتر لەسەر داوای یۆنان بەرەو كینیا بەرێكەوت.
لە 15 شوباتی 1999 لە كینیا دەستگیركرا، هەواڵی دەستگیركردنیشی لە كوردستان و ئەوروپا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە و دەیان خۆپیشاندان ئەنجامدران، لە كاتی دەستگیركردنیەوە تائێستا خراوەتە زیندانی تاكەكەسی لە دوورگەی ئیمراڵی لە دەریای مەڕمەڕە.
لە رۆژی 29ی حوزەیرانی 1999، فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام لە كانوونی دووەمی 2000، دادگا فەرمانی لەسێدارەدانی ئۆجەلانی دواخست، لە مانگی ئابی 2002ش سزاكەی لە لەسێدارەدانەوە گۆڕدرا بۆ زیندانیكردنی هەتا هەتایی.
لە ماوەی زیندانیكردنی ئۆجەلانیشدا، دوو قۆناغ بۆ چارەسەری كێشەی كورد دەستیپێكردووە، یەكەمیان لە ساڵی 2009 تا 2011 كە بە دانوستانەكانی ئۆسلۆ ناسراوە، دووەمیشیان لە بەهاری 2013، بەخوێندنەوەی پەیامی ئۆجەلان لە نەورۆزی ئامەد پرۆسەی ئاشتی دەستیپێكرد، لەو ساڵەدا بۆیەكەم جار دوای 14 ساڵ زیندانیكردن، چەند وێنەیەكی ئۆجەلان لە زیندانەوە بڵاوكرانەوە، لە تەمموزی 2015ش ئاگربەست شكستی هێنا.
لە 6ی ئەیلولی 2018 سەردانیكردنی پارێزەرەكان بۆ لای ئۆجەلان قەدەغەكرا، بەڵام لە نیسانی 2019 بڕیارەكە هەڵوەشێنرایەوە و جارێكی تر پارێزەرەكانی چاویان بە ئۆجەلان كەوت، دواتر لە ساڵی 2020 جارێكی تر چاوپێكەوتنی قەدەغەكرا، تا 28ی كانوونی یەکەمی 2024 كە وەفدێكی پارتی یەكسانی و دیموكراسی "دەم پارتی" لە زیندانی ئیمراڵی سەردانیان كرد و لە رێگەی وەفدەكەشەوە پەیامێكی بۆ رایگشتی و لایەنە سیاسییەكانی توركیا بڵاوكردەوە.