گڵۆباڵ ڤۆیس: دەبێت كورد بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەردۆغان بكات
زاهیر
١٤ی شوباتی ٢٠٢٥
دوای 10 ساڵ پڕۆسەی ئاشتیی لە باكوری كوردستان دەستپێدەكاتەوە، دەنگی كورد دەتوانێت خەونی ئەردۆغان بۆ بوونەوە بە سەرۆك كۆمار بەدیبهێنێت.
دوای 10 ساڵ و نزیكەی دوو مانگ، جارێكی دیكە جموجۆڵە سیاسیەكان لە باكوری كوردستان زیاتر بون و كورد هیوایەكی بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بۆ گەڕاوەتەوە.
توێژەرانی نێودەوڵەتی تێڕوانینیكی جیاوازیان بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیی لە باكوری كوردستان و توركیا هەیە و ئەوان پەنجەی گومانیان لەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیایە كە بۆ ئەوەی بۆ جارێكی دیكە دەست بە كورسیی دەسەڵاتەوە بگرێت، پێوستی بە دەنگ و پشتیوانیی كورد هەیە.
ئەردۆغان ساڵی 2023 لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی توركیا وتی تەنها دوو خولی پێنج ساڵە لە پۆستی سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت، لە كاتتێكدا دەستوری ئێستای وڵاتەكەش تەنها رێگەی بەو دوو خولە دەدات.
ئێستا كە ئاماژەكانی هەنگاو و جوڵەكانی ئەردۆغان دەركەوتوە كە چاوی لە جاری چوارەمیشە لە لوتكەی دەسەڵاتی توركیادا بمێنێتەوە تاكە رێگە ریفراندۆمە بۆ گۆڕینی دەستور سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بۆیە كورد بەو كورسیانەی لە پەرلەمان هەیەتی دەتوانێت چارەنوسی كورسیی سەرۆك كۆماریی بگۆڕێت.
ئەردۆغان لە هەموكاتێكدا زیاتر پێوستی بە 57 دەنگە یەكلاكەرەوەكەی پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان دەم پارتییە و هەر ئەوەش وای كردوە لە ئاست دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی چارەسەریی پرسی كورد بكەوێتە سوڕی متبونەوە، بەڵام رێگریشی لە هەنگاوەكانی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی هاوپەیمانی نەكردوە كە بۆ یەكەمجار بانگەشەی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكەی كرد و داوای لە چاوپێكەوتنەكاندا لەگەڵ ئۆجەلان و دوای شەش ساڵ دەست پێبكاتەوە.
بڵاوكراوەی گڵوباڵ ڤۆیس نوسیویەتی: ئەگەر كورد لە باكوری كوردستان رازیبن لە بەرانبەر هەندێك دەستكەوتدا خەونەكەی ئەردۆغان بۆ سەرۆك كۆماریی بێننەدی ئەوا هاوشێوەی مامەڵەكردنە لەگەڵ شەیتان، چونكە ئەردۆغان لە ساڵی 2013 دا بە ناوی چارەسەریی پرسی كورد ئەو بانگەشەیەی كرد و دوای دوو ساڵ بە بیانوی جیاوازەوە دەستبەرداری پڕۆسەی ئاشتیی بو هێرشەكانی دژی كورد توند كردەوە.
د. سینان جددی، توێژەری بواری ئاسایشی نێودەوڵەتی پێی وایە كورد دەتوانێت بە هاوكاریی ئۆپۆزیسۆنی توركیا لە سەروی هەموشیانەوە پارتی گەلی كۆماری جەهەپە كۆتایی بە دەسەڵاتی 20 سالەی ئەردۆغان بهێنن و بە پێچەوانەشەوە دەتوانێت ئەردۆغان لە لێواری هەڵدێر رزگار بكات بە مەرجی مسۆگەركردنی پڕۆسەی ئاشتیانەی چارەسەریی پرسی كورد.
لە كۆتاییدا دەوترێت كورد لە باكور كەوتوەتە بەردەم بژاردەیەكی قورس، كە ئەویش بەردەوامبونی دەسەڵاتی ئەردۆغانە لە پێناو دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی...