دیپ سیک، ئەو بەرنامە زیرەكەی چین كە ئێستا هەندێك بە هاوڕێ و هەندێكیش بە بیرمەندی قوڵ وەسفی دەكەن، بەوپێیەی بەرنامەكە بەرەوپێشچوونی زۆری لە وەڵامدانەوەی پرسیارە تایبەتەكان بەدەستهێناوەو بەكارهێنەران تیایدا جگە لە وەرگرتنی زانیاری، تەنانەت سۆراغی خۆشەویستی و هەستەكانیشیان دەكەن.

هەندێک بە هاوڕێ و هەندێكیش بە بیرمەندی قوڵ لە وڵاتی چین وەسفی دەكەن، لەگەڵیدا دەگرین و پێدەكەنن، پرسیاری لێدەكەن لە بارەی داهاتوو، چاوەڕێی پاڵپشتی و هاوسۆزیشی لێدەكەن.

دیپ سیک، ئەو بەرنامە زیرەكە چینییەی كە لەم دواییانەدا پەرەی پێدراوە، لە سەرتاسەری جیهان مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەوپێیەی بەرنامەكە توانای وەڵامدانەوەی خێرای هەیە بۆ پرسە هەنوكەیی و گریمانەییەكان.

هۆلی وانگ، كچێكی 28 ساڵی چینییە، شەوێك بەرێككەوت دەكەوێتە گفتۆگۆ لەگەڵ بەرنامە زیرەكەكەی ناو مۆبایلەكەی، كاتێك پرسیار لە مردنی داپیرەی دەكات كە بۆچی خەمێكی قوڵی لەلا بەجێهێشتووە، وەڵامی بەرنامەكە بۆ هۆڵی شۆكهێنەر دەبێت و وایلێدەكات شەوان بكەوێتە دەردە دڵ لەگەڵیدا.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەرنامەكە لەلایەن تۆڕێك كارمەندی پسپۆڕ و شارەزای تەكنەلۆژییەوە پەرەی پێدراوەو بە چەندین زمان لەسەر مۆبایل و تابلێت و كۆمپیتەر بە پارەیەكی رەمزی بەردەستە، ئەوەی كە لە بەرنامەكانی پێش خۆی جیایدەكاتەوە، توانای لێكدانەوەی ئەو بابەتانەی هەیە كە پێیدەدرێت و ئەویش تەنها لە چەند چركەیەكدا لە نزیكترین گریمانەوە وەڵام دەداتەوە.

هۆلی دەڵێت: دیپ سیک راوێژكارێكی گەورە بوو، یارمەتی دام لە گۆشەنیگای جیاوازەوە سەیری شتەكان بكەم و كاری باشتری بۆ كردم لەو خزمەتگوزارییە راوێژكارییانەی كە پێشتر بە پارە وەرمگرتبوون.

لە نووسینی راپۆرتەوە تا پلاندانان بۆ گەشتەكان، وەرزشكردن و فێربوونی كارامەیی نوێ، بەرنامەكانی دیپ سیك رێگەی خۆیان بۆ ژیانی زۆر كەس لە سەرانسەری جیهان دۆزیوەتەوە، بەڵام زۆریش هەن وەك هۆلی كە چاویان لەوەیە بەرنامەكە پاڵپشتی سۆزدارییان بكات كە لە دەرەوە دەستیان ناكەوێت.

بی بی سی لە راپۆرتێكدا دەڵێت، بەرنامەكە بووەتە سەرچاوەی ئاسوودەیی بۆ زۆرێك لە گەنجانی چینی كە هەندێكیان تادێت بێهیوا دەبن لە داهاتوویان، ئەوەش بەهۆی ئابووری چەقبەستوو، بەرزی رێژەی بێكاری و لێكترازانە كۆمەڵایەتیەكان بەهۆی كۆڤید 19.

لێكۆڵینەوەكان ئەوە دەردەخەن كە نەخۆشی خەمۆكی و دڵەڕاوكێ لەنێو خەڵكی چینیدا لە هەڵكشاندایە، پرۆفیسۆر فانگ كیچینگ، مامۆستای پەیوەندییەكان لە زانكۆی هۆنگ كۆنگ دەڵێت، لە چین كەموكوڕی زۆر لە خزمەتگوزارییەكانی راوێژكاری دەروونی و پیشەیی هەیەو زۆرجار بە نرخێكی گونجاو بەردەست نین.

بەوتەی پرۆفیسۆر فانگ ، بەرنامە زیرەكەكان یارمەتیدەرن بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە، بەڵام پێیوایە ئەو كەسانەی كە حاڵەتی تەندروستی دەروونی جددییان هەیە نابێت پشت بەو بەرنامانە ببەستن.