نەتەوە یەكگرتووەكان: ٢٠٢٤ كوشندەترین ساڵ بووە بۆ كۆچبەران
هادی
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
سەرەڕای قورسكردنی یاساكانی كۆچ، رۆژانە ژمارەی كۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا زیادیكردووە، بەپێی ئامارێكی نەتەوەیەكگرتووەكانیش ٢٠٢٤ كوشندەترین ساڵ بووە بۆ كۆچبەران.
كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران لە راپۆرتێكیدا تایبەت بە كۆچبەران رایگەیاندووە، ساڵی ٢٠٢٤ لە دەریای ناوەڕاست دوو هەزار و ٢٠٠ كۆچبەر خنكاون، بەشێكی زۆریش بێسەروشوێن بوون و تەرمەكانیان نەدۆزراوەتەوە و زیاتر لە ٦٥ هەزار كۆچبەریش لە دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، ئەوەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ رێژەی كۆچبەر كەمیكردووە، لە كاتێكدا ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە ١٥٣ هەزار كۆچبەر گەیشتبوونە ئیتاڵیا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرەڕای توندكردنی رێگاكانی كۆچ بۆ بەریتانیا، لە ساڵی ٢٠٢٤-دا ٣٦ هەزار و ٨١٦ كۆچبەر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە كە ئەو رێژەیەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ لە ٢٥٪ زیادیكردووە، ٥٣ كۆچبەریش لە هەوڵی گەیشتین بە بەریتانیا لە كەناڵی ئینگلیز خنكاون و بێسەروشوێن بوون.
بەپێی ئامارەكانی حكومەتی ئیسپانیاش، رێژەی چوونی كۆچبەر بۆ ئەو وڵاتە بە مەترسیدارترین ئاماری كۆچ دادەنرێت، كە لە ٢٠٢٤-دا لە رێگە ئاوییەكانی ئەو وڵاتە ١٠ هەزار و ٤٠٠ كۆچبەر خنكاون و بەشێكی زۆریش بێسەروشوێن بوون، ٦٣ هەزار و ٩٧٠ كۆچبەریش بە رێگاكانی وشكانی و ئاوی گەیشتوونەتە ئیسپانیا و كۆچبەرانی مالی و سەنیگال زۆرترینی ژمارەی ئەو كۆچبەرانە پێكدەهێنن كە دەگەنە دورگەكانی ئیسپانیا.
بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، كۆچبەرانی ئەفریقی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترینی ژمارەی ئەو كۆچبەرانە پێكدەهێنن كە دەگەنە وڵاتانی ئەوروپا.