زۆبەی جەنگەكانی جیهان لەئێستادا پێویستی بە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و تاكتیكی نوێی سەربازیی هەیە.

ئەگەرچی بوێری و ئازایەتی كورد لە گۆڕەپانی جەنگدا حاشا هەڵنەگرە، بەڵام خاڵی بەهێزی دوژمنەكانی تەكنەلۆژیایە، كە كورد لێی بێبەشكراوە بە تایبەت لە روی جەنگی ئاسمانییەوە.

شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی هەسەدە چەند ساڵێكە سەرقاڵی دروستكردنی درۆنی سەربازی تایبەت بە خۆیانن، ئەگەرچی لە روی نێودەوڵەتیی و سەربازییشەوە دەستیان بە زۆر ئامیری تایبەت ناگات.

ئێستا شەڕڤانان بە كەمترین پێدواویستی توانیوایانە بە دروستكردنی دوو جۆری درۆن گۆڕەپانی جەنگ لە بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە.

باز و بروسك ئەو دوو درۆنەی دروستكراوی دەستی شەرڤانانن كە بونەتە مۆتەكەی نەیارانی و دوژمنانی هێزەكانیان لە رۆژئاوای كوردستان و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ئەو دوو دورۆنە كە پێشتر ئەركیان چاودێریی بوە ئێستا ئەركیان بۆ هێرشكردنە سەر پێگەكانی دوژمن گۆڕاوە و  بە هەڵدانی بۆمب و هەندێك جاریش بە خۆتەقاندنەوە گورزی گەورە لە دوژمنان دەوەشێنن.

فەرماندەكانی هەسەدە جەختیان لەوە كردوەتەوە كە فڕۆكە بێ فرۆكەوانەكانیان تا ئێستا بە هەڵە خەڵكی مەدەنیان نەكردوەتە ئامانج و  تەنها چەكدارانی سوری هاوپەیمانی توركیایان كردوەتە ئامانج.

فەرماندەیەكی هەسەدە دەڵیت پێشتر بەهۆی درۆنەكانی توركیاوە روبەڕوی كێشە بونەتەوە، بەڵام شەڕڤانان توانیویانە لە ماوەیەكی زۆر كەمدا سێ درۆنی بەیرەقدار بخەنە خوارەوە و تۆمارە ڤیدیۆییەكانیشی بڵاو كراونەتەوە.

خستنە خوارەوەی بەیرەقدا وەك شكاندنی شكۆی توانای سەربازی ئاسمانیی توركیا لێك دەدرێتەوە.

هەسەدە بە كارهێنانی باز و بروسك توانیوانی دەیان ئۆتۆمبێل و زرێپۆشی چەكدارانی سوریی تێكشكێنێت و رێگەی نەدا ئەو چەكدارانەی هاپەیمانی توركیا لە هەوڵەكانیان بۆ داگیركرندی ناوچەكانی رۆژئاوا سەركەوتو بن.

ئەمە لەكاتێكدایە كە درۆنەكانی توركیا توانایەكی سەربازی باشیان هەیە و لە دووری سەدان كیلۆمەترەوە دەتوانن ئامانج بپێكن، بەجۆرێك كە لە 18ی مانگی ئەیلولی ساڵی 2023 بۆردومانی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەتی كرد لە سنوری پارێزگای سلێمانی.

بیانوی توركیا بۆ بۆردومانكە ئەوە بوو كە ئەندامانی هەسەدە لەو فڕۆكەخانەیە سەرقاڵی مەشق و راهێنان بون بۆ دروستكردن و بەكارهێنانی درۆنی سەربازیی.

دەزگای هەواڵگریی توركیاش كە بە میت ناسراوە بڵاویكردەوە كە گومانیان هەبوە لەوەی كە شەڕڤانان لە فڕۆكەخانەكەی عەربەت سەرقاسڵی دروستكردنی درۆن بووبن.

سەرەڕای ئەو بۆردومانە و زیانە گیانی و مادییەكانی ، بەڵام شەڕڤانان لە خاكی رۆژئاوا و بە دروستكردنی درۆنی باز و بروسك توانیویانە سوپای توركیا و چەكدارانی سوپای نیشتیمانی سوریا روبەڕوی ئاستەنگی گەورە بكەنەوە، تەكنەلۆژیا خۆماڵییەكەی شەڕڤانان بووەتە مۆتەكە لە بەردەم پێشڕەویی هەر دوژمنێك كە بیەوێت بەرەو خاكی رۆژئاوا پێشڕەویی بكات.