ئەمڕۆ ٢٨ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر گەورەترین لەشكركێشی سوپای توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان و بە ئۆپراسیۆنی "چنگ" یاخود "چەكوشی دووەم" ناسراوە.

لەو كاتەدا هەرێمی كوردستان بە رەوشێكی هەستیاردا تێدەپەڕی بەو پێیەی تەنها چەند مانگێك بەسەر روداوەكانی ٣١ـی ئابدا تێپەڕیبوو، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكەش وەك ئەوەی لە راگەیاندراوەكانی ئەوكاتی سوپای توركیادا هاتووە، هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی پەكەكە و نەهێشتنی توانای چالاكییان بووە لە ناوچەكەدا.

ئۆپراسیۆنی "چەكوشی دووەم" كە هەندێك جار بە ئۆپەراسیۆنی "چنگ" ناودەبرێت، لە ٣٠ـی كانوونی یەکەمی ١٩٩٦ دەستیپێكرد، كاتێك هێزە سەربازییەكانی توركیا كە هێزە تایبەتەكان و سەربازی زەمینی و پشتیوانی ئاسمانییان تێدابوو، سنوورەكانی نێوان توركیا و عێراقیان بەزاند و هاتنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان.

ئامانجی ئۆپراسیۆنەكە بە پلەی یەكەم كەمپ و بارەگاكانی پەكەكە بووە لە ناوچەكانی خواكورك و چیای قەندیل و گارە لە نزیك سنووری توركیا، بەڵام ئەو هێرشانە و رەوشی دوای روداوەكانی ٣١ـی ئاب، بوونە سەرەتای جێگیربوونی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەك كە لە ئێستادا زیاتر لە ٣٠ سەربازگە و خاڵی سەربازییان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.

ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا لە ساڵی ١٩٩٦ بە سەركردایەتی تانسۆ چیلەر سەرۆك وەزیران ئەوكات و حكومەتە هاوپەیمانەكەی ئەنجامدرا.

لەو كاتەدا توركیا تا رادەیەك هەماهەنگی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەبوو، بەوپێیەی سنوورەكانی هاوسنووری ئەو ناوچانە بوون كە دوای ٣١ـی ئاب لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەڕێوەدەبران.

لەو كاتەدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوانە وڵاتانی وەك ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆیان لەبارەی سەروەری عیراق و ئەنجامە مرۆییەكانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا دەربڕی، بەڵام تاڕادەیەكی زۆر خۆیان لە گرتنەبەری هەنگاوی راستەوخۆ بۆ رێگریكردن لە دەستدرێژییەكانی توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان بەدوور گرت.