ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێدەپەڕێت
هەساو ئەمیر
٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێدەپەڕێت، ئەو شاڵاوەی 182 هەزار کوردی تێدا ئەنفال کرا و نزیکەی 200 هەزار ژن و پیاو و منداڵی کوردیش بەرەو ناوچەکانی ناوەراست و باشووری عیراق راگوێزران و شەهید کران.
حکومەتی بەعس لە 23ی شوباتی ساڵی 1988 بە هەشت قۆناغ پرۆسەی ئەنفالی کوردەکانی دەستپێکرد.
پڕۆسەی ئەنفال:
حکومەتی بەعس لە ساڵی 1988، بە بڕیاری سەدام حسێن سەرۆکی ئەو کاتەی عیراق و بە سەرکردایەتی عەلی حەسەن مەجید و لەژێر ناوی سورەتی 'الانفال'دا پرۆسەی ئەنفالکردنی کوردەکانی دەستپێکرد.
لەبارەی بەکارهێنانی سورەتی 'الانفال'ی قورئان، ماڵپەڕی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا ئاماژەی بەوەکردووە، "ناوی ئەو سوورەتە بۆ شاڵاوی ئەنفال لەلایەن حزبی بەعسەوە بە هەڵە بەکارهاتووە."
هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورد لە ناوچەکانی خۆیان، بە چەندین شێوە و لەژێر چەندین ناوی جیاوازدا بە درێژایی حوکمی دیکتاتۆری بەعس و چەندین حکومەتی دیکە بەردەوام بوون.
جینۆساید و تەعریبکردنیش لە سەردەمی رژێمی بەعسدا یەکێک بوو لەو تاوانانەی دژ بە کورد دەکران وەک "تەعریبکردنی گوندەکانی دەوروبەری کەرکوک لە ساڵی 1963، راگواستن و بێسەروشوێنکردنى کوردانى فەیلى لە ساڵانى 1970 و 1980کان، ئەنفالکردنى هەشت هەزار کەس 'ئەنفالی بارزانییەکان' لە ساڵى 1983، بەکارهێنانى چەکى کیمیایی لە کۆتایى ساڵانى 80کان وەک کیمیابارانکردنى هەڵەبجە، هەڵمەتى فراوانى ئەنفاڵ لە ساڵى 1988 کە هەشت قۆناغ بوو".
سەدام حسێندا بە هەشت قۆناغ لەژێر ناوی سورەتی ئەنفالدا پرۆسەکەی ئەنجامدا، کە لە 23ی شوبات تاوەکو ٦ی ئەیلوولی خایاند و سەدان هەزار خەڵکى بێتاوان زیندەبەچاڵ کران و شوناسی چەندین خانەوانە لەناوبرا.
زیانەکانی پرۆسەی ئەنفال:
لە پرۆسەی ئەنفالدا زیانی گەورە لەرووی مرۆیی و لەرووی کلتور و لایەنی کۆمەڵایەتی و جوگرافیاوە بە کورد گەیەنرا، لەوانەش بەکۆمەڵ کوشتنی 182 هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە ژن و پیاو و منداڵ، وێرانکردنی نزیکەی چوار هەزار گوند لە کۆی چوار هەزار و 655 گوندی کوردستان و تیایدا 250 گوند بەر هێرشی چەکی کیمیایی کەوتن، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغەکراو، کە تاوەکو ئێستاش کاریگەریی بەسەر ئەو کەسانەوە ماوە کە بەرکەوتەی چەکی کیمیایین، هەروەها کاریگەریی ئەو چەکە لەسەر خاک و ئاوی ناوچەکانیش ماوە".
یادی ئەنفال
14ی نیسانی هەموو ساڵێک بە یادی ئەنفال دانراوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی قۆناغی سێیەمی ئەنفال لە 31ی ئازار تاوەکو 14ی نیسانی ساڵی 1988 خایاند و ناوچەکانی گەرمیانی گرتەوە.
ئەنفالی گەرمیان گەورەترین و فراوانترین قۆناغی ئەو شاڵاوە بوو، کە تیایدا پێنج هەزار گوند خاپورکران و 20 هەزار ژن و پیاو و منداڵ رەوانەی سەربازگەی قۆڕەتو کران.
هەربۆیە حکومەتی هەرێم ١٤ی نیسانی هەموو ساڵێک بۆ یادکردنەوەی ئەو تاوانە دیاریکردووە.
قۆناغەکانی ئەنفال:
قۆناغی یەکەم: لە 21ی شوبات تاوەکو 18ی ئازاری 1988ی خایاند و گوندەکانی دۆلی جافایەتی و ناوچەی شارباژێری گرتەوە. لەو قۆناغەدا 25 بۆ 30 گوند وێرانکران و بە تەواوی چۆڵکران و بەعس بە تاڵانی بردن.
قۆناغی دووەم: لە 14ی ئازار تاوەکو 22ی ئازار 1988ی خایاند، ناوچەی قەرەداغی گرتەوە و بە سەختی کیمیاباران کرا، بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی ئاوارەی ناوچەکانی گەرمیان بوون و بەشێکی زۆریان بەعس دەستگیری کردن و برانە بەندیخانەی "نوگرەسەلمان"، کە لەوێ زۆرینەیان بەهۆی تینویەتی و برسیەتیەوە گیانیان لەدەستدا.
قۆناغی سێیەم: لە 31ی ئازار تاوەکو 14ی نیسانی ساڵی 1988ی خایاند، کە ئەنفالی گەرمیانی پێدەوترێت، ئەم قۆناغەی ئەنفال گەورەترین و فراوانترین قۆناغی پرۆسەکە بوو، کە پێنج هەزار گوند خاپور کران و 20 هەزار ژن و پیاو و منداڵ رەوانەی سەربازگەی قۆڕەتو کران.
قۆناغی چوارەم: لە 18ی نیسان تاوەکو 20ی نیسان ساڵی 1988ی خایاند، ئەو ناوچانەی گرتەوە کە دەکەوێتە نێوان زێی بچوک؛ گوندەکانی ئاغجەلەر و تەق تەق و عەسکەر و گۆپتەپە، کە جارێکی دیکە چەکی کیمیایی لێ بەکارهێنرا.
قۆناغی پێنجەم و شەشەم وحەوتەم: لە 24ی ئایار تاوەکو 31ی ئابی ساڵی 1988ی خایاند، گوندەکانی پارێزگای هەولێری گرتەوە و 52 گوند لە خەلیفان و رەواندز و خۆشناو وێران کران.
قۆناغی هەشتەم: لە 25ی ئاب تاوەکو 6ی ئەیلولی 1988ی خایاند و زاخۆ ئامێدی و شێخان و ئاکرێی گرتەوە و چەکی کیمیایی هێشوویی تێدا بەکارهێنرا.