ئەمریكا و بەریتانیا ئەڵمانیا و ئەوروپا و نەتەوەیەكگرتوەكان پێشوازییان لە پەیامەكەی ئۆجەلان كرد
کەژان
٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥
بە ماوەیەكی كەم لە دوای بڵاوبوونەوەی پەیامەكەی ئۆجەلان، ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتانی زلهێز و ناوچەكە هەڵوێستیان راگەیاند و بە تروسكایی هیوا لە باكوری كوردستان و توركیا وەسفیان كرد.
دوای چەند سەعاتێك لە بڵاوبوونەوەی پەیامەكە، برایان هیوز، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی لەتۆری کۆمەڵایەتی ئێكسێكدا بڵاویكردەوە، پەیامەكەی ئۆجەلان یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێنانەدنی ئاشتی لەو ناوچەی كە ساڵانێكە زۆرترین كێشەی تیدایە. برایان هیوز راشیگەیاند، پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان پێشهاتێكی بەرچاوە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێنانەدی ئاشتی لە ناوچەكە.
لەلایەكی دیكەشەوە، ئیسماعیل بەقائی وەتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران رایگەیاند، پێشوازی لە هەر بڕیارێك و لایەنێك دەكەن كە ببێتە مایەی نەمانی توندتیژی و تیرۆر و بەهێزكردنی ئەمن و ئاسایش لە توركیادا. وتیشی، هیوادارین ئەو هەنگاوە كاریگەری ئەرێنی لەسەر ناوچەكەش هەبێت.
هەروەها، نوسینگەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەو یەكگرتووەكان بڵاویكردوەتەوە گۆتیرێس پێشوازیی لە پەیامەكەی ئۆجەلان كرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و هاوكات ئەو هەنگاوەش بە تروسكاییەكی هیوا وەسفیكردووە.
لە لایەكی ترەوە ناچۆ سانچێز، پەرلەمانتاری پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند، بانگەوازەكەی ئۆجەلان سەرەتایەكی باشە بۆ چارەسەری پرسی كورد و چەكدادانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكەش هەنگاوێكی مێژووییە.
هەروەها پارتی داد و گەشەپێدان - ئاكپارتی كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات و پارتی فەرمانڕەوای ئەو وڵاتەیە، وەك حزب رایگەیاند، پێشوازی لەو پەیامە دەكەن بەومەرجەی جێبەجێ بكرێت. بەڵام عومەر چەلیك وتەبێژی ئاكپارتی رایگەیاند، پێویستە چەكدارانی كورد لە توركیا و عیراق و سوریا بە هەسەدەشەوە چەكەكانیان دابنێن.
هاوكات ئوزگوز ئۆزەل، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری – جەهەپە رایگەیاند، بە وتنی (پرسی كورد لە توركیا لە ئارادا نییە)، پرسی كورد چارەسەر نابێت، داواشی لە ئەردۆغان كرد بەرپرسیارێتی ئەو قۆناغە مێژووییە و چارەسەری ئاشتیانە بۆ پەیامەكەی ئۆجەلان لە ئەستۆ بگرێت.
دواتریش، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دوای چەند سەعاتێك لە بڵاوبونەوەی پەیامەكەی ئۆجەلان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، وڵاتەكەی پێشوازی لە پەیامەكە و چەكدانانی پەكەكە دەكات چونكە دەبێتە هەلێكی مێژویی بۆ توركیا.
هاوكات هەریەك لە بەریتانیا و چین و زۆرێكی دیكە لە وڵاتان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشوازیان لە پەیامەكەی ئۆجەلان كرد.
هیواكان دوای بڵاوبونەی پەیامەكەی ئۆجەلان زۆربوون، بەڵام بە تەنیا پەیامەكەی ئۆجەلان نابێتە دارەئەفسوناویەكە تاوەكو كێشەی چەندین ساڵەی توركیا لەگەڵ كوردەكان چارەسەر بكات و پێویستی بە هەنگاوی كرداری هەردوولایە.