لە جیهاندا 8ی مارسی هەموو ساڵێك وەك رۆژی جیهانی ژنان دیاریكراوە بۆ ئاماژەدان بە رێز و خۆشەویستی بەرانبەر دەستكەوتەكانی ژنان لەڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسی و پیشەیی و ئابوورییەوە.

لە چەندین وڵاتی جیهاندا  بە شێوازی جیا جیا رۆژەكە بەرز رادەگیرێت و لە وڵاتانی وەكوو چین و روسیا و كوبا پشوو بە ژنان دەبەخشرێت. بەگوێرەی فیدراسیۆنی ژنانی چین لەو رۆژەدا  لە وڵاتەكەیاندا زیاتر لە 100 ملیۆن ژن دەتوانن نەچنە سەر كارەكانیان، لە وڵاتانی تریشدا توانا و هێزی ژنان دەنرخێنرێت و گوڵیان پێشكەش دەكرێت. هەروەها پەیامی پیرۆزباییان ئاڕاستە دەكرێت و دووپات دەكرێتەوە كە ژنان هێزی ئاشتین لە كۆمەڵگەدا و بەشدارێكی سەرەكین لە بونیادنانی ژێرخانی وڵات و گەشەسەندنیدا.

لەدوای یەكەم كۆنگرەی یەكێتی دیموكراتی جیهانی ژنانەوە لە ساڵی 1945 لە پاریس كە زیاتر لە 200 ژن لە 50 وڵاتی جیهانەوە رێكیانخست، هەموو ساڵێك یادی ڕۆژی ژنان دەكرێتەوە و ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت. لەلایەكی تریشەوە، بەشێك لە توێژەران دەڵێن رۆژی جیهانی ژنان دوای بایكۆتی ژنان لە كاركردن لە ئەمریكا روویداوە وەك كاردانەوەیەك بەرانبەر خراپی گوزەرانی ٪70ی ژنان لە شوێنی كارەكانیان و كەمی موچەكانیان.

لە ئێستادا لە جیهاندا ٪25ی سەركردایەتییە سیاسیەكان لەلایەن ژنانەوە دەكرێت و یادكردنەوەی ئەم رۆژەش تایبەتمەندی و سیمایەكی سیاسی هەیە بەڵام لە بەشێك لە وڵاتانی جیهاندا ئەو سیمایە پشتگوێ دەخرێت و تەنها دەبەسترێتەوە بە رۆژی دایكان و خۆشەویستییەوە. لە كاتێكدا لە بەشێكی تر لە وڵاتاندا  كەرنەڤاڵی گەورەی بۆ رێك دەخرێت و ئاهەنگی تایبەت بۆ ئەم رۆژە دەگێڕدرێت كە هەڵگری پەیامێكی بەهێزی سیاسین، كە ئامانج لێیان بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیارییە سەبارەت بە پێگەی ژن.

لە جیهان و كوردستانیش بە درێژایی مێژوو ژنان هاوشان و هاوسەنگەری پیاوان رۆڵیان هەبووە لە تەواوی بوارەكاندا لە بەرەوپێشبردن و درێژەدان بە ژیان. بۆیە ژنان خوازیارن لەم رۆژەدا تەنها دروشمی رووكەش نەوترێنەوە بەڵكو هەنگاوی جددی بنرێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانیان لە بوارەكانی بەشداریكردنی سیاسی، دەستگەیشتن بە پەروەردە، یەكسانی جێندەری، توندوتیژی و هەراسانكردن، دامەزراندن، چەوساندنەوەی كۆمەڵایەتی، گەشەسەندی ئابووری و لایەنەكانی دیكەی ژیان كە رۆژانە رووبەڕووی دەبنەوە.

لە هەندێك وڵاتدا سەدان هەزار ژن دەڕژێنە سەر شەقامەكان و داوای دانانی سنوورێك بۆ نەهێشتنی توندوتیژی نێو ماڵ و گێچەڵی سێكسی و جیاوازی لە هەلی كاردا دەكەن.

بەپێی داتاكانی یونسكۆ رێژە نەخوێندەواری لەنێو ژناندا لە عیراق نزیكەی ٪26ە كە ئەمەش زیاترە بەروارد بە پیاوان كە رێژەكەی ٪11یە. لە پەرلەمانیشدا ژنان نزیكەی ٪30ی كورسیەكان پێكدەهێنن و چاوەڕوان دەكرێت لە خولەكانی ئاییندەدا ئاستی بەشداریكردنیان زیاتر ببێت.

لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و نادادپەروەری بەرانبەر ژنان، حكومەتی وڵاتان چەندین بەڕێوەبەرایەتیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان كردووەتەوە و لە كەرتی تابەتیشدا چەندین رێكخراو و دامەزراوە بۆ هەمان مەبەست پێكهێنراون.

رۆژی جیهانی ژنان دەرفەتێك بە ژنان دەدات تاكو سەرنجی خەڵك بۆ تێكۆشانی خۆیان مافەكانیان رابكێشن و بە خەباتی ژنان لە سەرانسەری جیهانەوە بیبەستنەوە.