محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە کاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان بوو بۆ پۆستەکەی ئێستای و پێکھێنانی حکومەت، لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە تائێستاش لەلایەک کار بۆ ئەوەدەکات و ھەوڵی داوە پەیوەندییەکی بەھێز و ھاوسەنگی لەگەڵ ئەمریکا ھەبێت بۆ زیاتر ھاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی حکومەتەکەی، لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ ناو جیھانی وڵاتانی عەرەبی و لە ژێر دەسەڵاتی ئێران و ئەمریکا رزگاری بکات.
سەرەڕای ئەو ھەوڵانەشی، سودانی نایەوێت حکومەتەکەی ببێتە حکومەتێکی حزبی و بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان بە تایبەتی بە مەبەستی دەرکردنی تەواوی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە ئەوەش دەبێتە ھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بە یەکجاری، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا بەھۆی بردنی بڕێکی زۆری دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران بە تەواوی لە بەغداد نیگەرانە.
سودانی دەرکردنی بڕیارێک بۆ مەبەستی کۆتاییھێنان بە ئەرکی تەواوی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە قورس و ھەنگاوێکی داھاتوو نادیار و ئاڵۆز دەزانێت، چونکە رەوشی ئێستای ئەفغانستانی لە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەبەرچاوگرتووە و پێیوایە ئەگەر لە داھاتوودا ھەر گۆڕانکاری و پێشھاتێکی مەترسیدار سەرھەڵبدات بە تایبەتی لە رووی ئەمنییەوە، ناتوانێت داوا لە ئەمریکا بکات دووبارە ھێزەکانی رەوانەی عێراق بکاتەوە.
لە بەرامبەریشدا لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی بە گشتی و ئەو لایەنانەی بە نزیک لە ئێران دادەنرێن بە تایبەتی، فشارێکی زۆریان لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق دروستکردووەو کار بۆ ئەوەدەکەن بە ھەرێگەیەک بێت سودانی بڕیاری دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا بدات، سودانیش دڵنیایە لەوەی ئەگەر ھێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە عێراق بکشێنەوە، حکومەتەکەی لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا نامێنێت و دەکەوێتە ژێر دەسەڵات و ھەژموونی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان، بۆیە بەھیچ شێوەیەک نایەوێت بچێتە ژێر باری بڕیارێک بۆ دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
ھەژماری زیاتر لە ١٠ رۆژنامەنوسی ئەمریکی کە ژمارەیەکیان لە سی ئێن ئێن و نیویۆرک تایمز و واشنتۆن پۆست کاردەکەن لە تویتەر ھەڵپەسێردرا ، ھەرچەندە تویتەر ھۆکارو ماوەی ھەڵپەساردنەکە ئاشکرا نەکرد، بەڵام ئیلۆن ماسک کە لەمانگی تشرینی یەکەمەوە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری کڕیوەو چەندین جار مشتومڕی دروستکردووە لە تویتێکدا چەند ئاماژەیەکی گەیاندوو باسی لەوەکردووە، ئەو رۆژنامەنوسانە تێوەگلاون لە بڵاوکردنەوەی زانیاری کەسی لەسەر جموجۆڵەکانی و چاودێریکردنی فرۆکە تایبەتەکەی.
بڕیارەکەی ماسک کاردانەوەی رۆژنامەنوسان و رێکخراوەکانی بەدوای خۆیدا ھێناو لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنوسان رایگەیاند، ئەو ھەنگاوەی تویتەر بۆ ھەڵپەساردنی ھەژماری ژمارەیەک رۆژنامەنوس کە رووماڵی پێشھاتەکانی ئەمدواییەی پەیوەست بە تویتەر و خاوەنەکەیان کردووە. پێشێلکارییەکی مەترسیداری مافی رۆژنامەنوسانە لە گواستنەوەی ھەواڵ بەبێ ترس و تۆڵەکردنەوە.
ھاوکات رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و پەیامنێرانی بێسنور و نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپاش لەسەر بڕیارەکەی ئیلۆن ماسک ھاتوونەتە دەنگ و ستیڤان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، ھەڵپەساردنی ھەژماری رۆژنامەنوسان لە تویتەر پێشینەیەکی مەترسیدارە لەکاتێکدا رۆژنامەنوسان لە جیھاندا رووبەرووی سانسۆر و ھەڕەشەی جەستەیی بوونەتەوە.
ماوەیەکە لە ئەمریکا بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆتە جێگەی مشتومڕ و زۆرێک بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ناویان دەبەن، لەوبارەیەوە مارک ئەسیسن لەوتارێکدا لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست باسی لەوەکردووە، ترس لە کۆنترۆڵکردنی تویتەر لەلایەن ماسکەوە زیادەڕەوییەکی زۆری تێدا کراوەو ھیچ مەترسییەکی لەسەر دیموکراسی ئەمریکا نیە، ئەوەی مایەی ھەڕەشەیە کۆنترۆڵکردنی ئەپڵیکەیشتنی تیک تۆکە لەلایەن سەرۆکی چینەوە کەلەو رێگەیەوە زانیاری لەسەر ١٠٠ ملیۆن بەکارھێنەری ئەمریکی کۆدەکاتەوە، بەوتەی ئەو رۆژنامەنوسە تیک تۆک رێگەی خۆش کردووە چین دزە بکاتە ناو ماڵی ئەمریکییەکان.