پرۆژەی رووناکی لەبری دڵخۆشکردن هاووڵاتیانی نیگەران کردووە
هەساو ئەمیر
١٣ی ئازاری ٢٠٢٥
دابینکردنی کارەبای 24 سەعاتی ئەو پرۆژە و خەونەیە هاووڵاتیانی هەرێم دەمێکە چاوەڕوانی دەکەن، بەڵام ئێستا کە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە هاووڵاتیانی کردووە بە دوو بەشەوە و لەبری دڵخۆشی و پێشوازی، رەتی دەکەنەوە.
لە ساڵی 2024دا حکومەتی هەرێم بەردی بناغەی پرۆژەی رووناکی دانا، بەپێی دوایین ئاماری حکومەت زیاتر لە 100 هەزار هاوبەشی کارەبا لێی سودمەندن، بڕیاریشە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 تەواوی هەرێم بگرێتەوە.
ئەوەی هاووڵاتیانی نیگەران کردووە لەم پرۆژەیەدا ئەوەیە، نرخی کارەبایە، کە هەر کیلۆواتێک بە 156 دینار دیاری کراوە.
ئەگەر ئەو نرخەی حکومەتی هەرێم دایناوە تەنها بۆ بۆیلەری ماڵان هەژمار بکرێت و گریمان ئەگەر ماڵێک رۆژانە بۆماوەی 5 سەعات بۆیلەرەکەیان دابگیرسێنن و بۆیلەرێکی 3000 واتی بێت، ئەوا دەکاتە 3 کیلۆوات، 3 کیلۆواتەکەش جاران بکرێتەوە لەگەڵ 5 سەعاتی رۆژەکەدا دەکاتە 15 کیلۆوات، ئەوەش جارانی نرخی هەر کیلۆواتێک بکرێتەوە کە 156 دینارە، ئەوا بۆ رۆژانە دەکاتە دوو هەزار و 340 دینار بۆ هەر رۆژێک، ئەوەش بکرێتەوە بە مانگانە، دەکاتە 70 هەزار و 200 دینار.
بەوجۆرەش تەنها بە بەکارهێنانی رۆژانە 5 سەعاتی بۆیلەر، مانگانە زیاتر لە 70 هەزار دینار بۆ هەر ماڵێک دێتەوە.
هەر بۆیە هاووڵاتیان باس لەوەدەکەن، دڵخۆشن بەوەی کارەبای 24 سەعاتیان هەبێت، بەڵام پێویستە حکومەت ئاستی داهات و بژێوی هاووڵاتیان لەبەرچاو بگرێت و نرخێکی گونجاوی بۆ دابنێت.