هۆکار و جۆرەکانی ئازاری مل و بەشی دواوەی كاسەی سەر
هەساو ئەمیر
١٤ی ئازاری ٢٠٢٥
مل ئێشە و ئازاری بەشی پشتەوەی سەر، یەكێكە لەو ئازارە باوانەی كە رەنگە زۆربەی كەس بناڵێنێت بەدەستییەوە.
دکتۆر هەڤین کەمال شاهـ پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج باس لەوە دەکات، چونكە بڕبڕەكانی مل پێكهاتەیەكی ئاڵۆزە و لە حەوت بڕبڕە و كۆمەڵێك بەستەر و ماسولكە و دەمار پێكهاتووە؛ بوونی هەندێك كێشە لە ملدا ئازاری مل و بەشی پشتەوەی سەر دروست دەكات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گەلێك جار مل ئێشە و ئازاری بەشی پشتەوەی سەر رەنگە كێشەیەكی سادە بێت، بەڵام ئەگەر ئازارەكە باڵ و دەستی گرتەوە، یان نیشانەی تری لەگەڵدا بوو، یان بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ بەردەوام بوو، پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت.
ئەو پزیشکە گرنگترین هۆکارەکانی دیاریکردووە، کە ئەمانەن:
۱ ـ گرژبوونی (تەشەنوج) ماسولكەكانی مل:
رەنگە بەهۆی جوڵەیەكی كتوپڕ و خێراوە روو بدات كاتێک ماسولكەكان ئامادە نین؛ یان بەهۆی كارەساتی هاتوچۆە (whiplash injury )، یان لەكاتی وەرزشدا.
۲ ـ شێوازی وەستانی هەڵەی جەستە:
ئەگەر رۆژانە ماوەیەكی زۆر بەسەر بەریت بەدیار شاشەی كۆمپیوتەر و لاپتۆپەوە، یان هەر ئامێرێكی تر و سەرت بۆ پێشەوە بچەمێنێتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی هیلاكییەكی زۆر بۆ جەستە و بەستەر و جومگەی بڕبڕەكان و ماسولكەكانی مل، دواتر بێ هێزی و رەقبوونی ئەو ماسولكانەی لێدەكەوێتەوە كە ئازار دروستدەكات.
۳ ـ سەوەفان و داخورانی جومگەی نێوان بڕبڕەكانی مل و دروستبوونی ئێسكی زیادە.
٤ ـ نەرمبوونەوەی ئێسك.
٥ ـ ئینزلاقی دیسكی نێوان بڕبڕەكانی مل.
٦ ـ نەخۆشی شێرپەنجە لە مل دا: لەناو بڕبڕەكان و ماسولكە و دەمارەكان، یان لوكیمیا یان لیمفۆما.
٧- نەخۆشی فایبۆمایەڵجیا و مایۆفەشیاڵ پەین سیندرۆم (myofacial pain syndrom)، كە دوو نەخۆشین تەنیا بە نیشانەكانیاندا دەناسرێنەوە و ئازاری بەردەوام و گرژی لە ماسولكەكان و شانەی دەوری ماسولكەكان دروست دەبێت، نەخۆشەكە بەدەست ئازاری بەردەوامەوە دەناڵێنێت، بەڵام پشكنینەكانی پاكن و هیچیان تیا نییە، زۆرجار نیشانەی نەخۆشی شەقیقەشی لەگەڵدا دەبێت.