حکومەتی عێراق نوێنەرایەتی ئەو پرسە نێوخۆییە دەکات لەگەڵ ئەمریکییەکان، لەپاڵیشدا چەند لایەنێک ھەن کە لە شەقامی عێراقییەوە دەست پێدەکەن تا دەگاتە لایەنە شیعەکان، جگە لە زۆرینەی سوننەکان و کورد لەو نێوەندەدائەوانیش ھاوشێوەی حکومەت خۆیان بە خاوەنی پرسەکە دەزانن.

سەبارەت بە رەھەندی دەرەکی، تورکیا لەم پرسەدا بەرژەوەندی لە دوورخستنەوەی کوتلە شیعەکان و دەسەڵاتی ئێرانی لە سنوورەکانی باشووری خۆی ھەیە، ھەرچی ئێرانییەکانیشن دەیانەوێت ئەمریکییەکان لە عێراق وەدەرنێن و ھەوڵی ملکەچکردنی بدەن کە بۆ پرسی سوریاش کاریگەری بەرچاوی دەبێت بۆیان.

لە گفتوگۆی لایەنە بەشداربووەکانی ئەم پرسەدا، واشنتۆن قسەیەکی جیاوازی ھەیەو دەڵێت، تەنھا بۆ مەبەستی رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش ماوەتەوە نەک ھیچ ئەرکێکی تر.

ئەمریکییەکان بە نیگەرانییەکی زۆرەوە باس لە داعش و ئەگەری گەڕانەوەی بۆ چالاکییەکان دەکەن و مەرجیشیان داناوە کە ڕۆیشتنیان پەیوەست بێت بە نەگەڕانەوەی ڕێکخراوەکەوە.

لەکاتێکدا لەژێر ئەم بڕگەیەدا چەندین مەرج دادەنێن، لەوانەش کارامەیی و توانای ھێزەکانی حکومەتی عێراق و توانایان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە لە داھاتوودا، بۆ ئەوەی وڵات شاھیدی ھیچ قەیرانێک نەبێت کە بەھۆی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەوە دووچاری بێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئەلعەرەبییە، پێدەچێت ئەمریکییەکان لەم مەرجەیاندا جدی بن و بیانەوێت تەحەددای داعش نەک وەک کێشەیەکی عێراقی، بەڵکو وەک کێشەیەکی تیرۆر سەیر بکەن کە ھەڕەشە لە عێراق و ھەموو جیھان دەکات.

لە راپۆرتەکەدا ھاتووە ھێزەکانی ئەمریکا پشتیان بە بنکەکانیان لە عێراق و ئوردن و تەنف لە سوریا بەستووە بۆ پشتیوانیکردن لە ئەرکەکەیان لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا، ھەربۆیە لە ئەگەری کشانەوەی ئەمەریکاییەکان لە عێراق، ناچار دەبن پلانی نوێی دابینکردن دابڕێژن بۆ پاڵپشتیکردنی ھێزەکانی ئەمریکا و ھێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو خاکی سوریادا.

راپۆرتەکە پێیوایە لایەنە عێراقییەکان ھێشتا نایانەوێت ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەدا بکشێنەوە، بەڵکو دەیانەوێت لە ژێر سێ ناونیشاندا پرسی کشانەوە بخەنەڕوو، یەکەمیان کۆتاییھێنانە بە ئەرکی ھاوپەیمانی نەک کشانەوەی ئەمریکا، دووەمیان کشانەوەیە بە ڕەزامەندی ھەردوولا، سێیەمیشیان گواستنەوەیە بۆ پەیوەندییە قوڵەکانی دوولایەنە.