لە ٢٤ی٢ی٢٠٢٢، ئۆپراسیۆنی سەربازی روسیا بە کۆکردنەوەی ھێزێکی سەربازی زۆر و دانپێدانان بە کۆماری میللی دۆنیتسک دەستیپێکرد، کە بەدوایدا ھێزە چەکدارەکانی روسیا چوونە ناوچەی دونباس لە رۆژھەڵاتی ئۆکراین. ئەو کاتەش، ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیا وتی، ئامانجیان لەو ئۆپراسیۆنە پاککردنەوەی ئۆکراینە لە چەک و نازییەکان.

ئێستا دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، بەبێ ھاوکارییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا رزگارمان نابێت. داواشی لە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد، ئەو کاروانی ھاوکارییەکان پەسەند بکات، ئەگەر نا باجەکەی بە رۆحی ئۆکراینییەکان دەدرێت.

ئەو لێدوانەی زیلینسکی دوای ئەوە دێت کە چەندین مانگە کیێڤ چاوەڕێی ھاوکاری دیکەی ئەمریکا دەکات بە بڕی ٦٠ ملیار دۆلار کە لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە بڕیاری لەسەردراوە، بەڵام کۆمارییەکان ناڕازین و ھێشتا پەسەند نەکراوە.

رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، وڵاتانی ئەوروپاش ھەوڵی کۆکردنەوەی ١.٥ ملیار دۆلار دەدەن بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکراین.

لە کاتێکدا پوتن چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە بەردەوامی ھاوکاریکردنی ئۆکراین ئەوە پیشان دەدات کە وڵاتانی ئەوروپا و ناتۆ بەشدارن لەو شەڕە.
ێورە،....
بەپێی داتاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، دوای دوو ساڵ، ھێشتا نزیکەی ٨.٥ ملیۆن ئۆکراینی لە رەوشێکی خراپدا دەژین، بە تایبەت ئەوانەی نزیکن لە ناوچەکانی شەڕ و ئەوانەی ئەستەمە ھاوکارییان بۆ بگات.

بەپێی ئەو ئامارانەشی بڵاوکراونەتەوە، زیاتر لە ١٠ ھەزار مەدەنی کوژراون، کە زیاتر لە ٦٥٠ منداڵ لەنێویاندا ھەیە، بەدووریش نازانرێت ئامارەکە لەوە بەرزتر بێت.ھەروەھا زیاتر لە ٤ ملیۆن ئۆکراینی ئاوارەی ناوخۆ بوون، کە یەک ملیۆنیان منداڵن، ٦ ملیۆن ئۆکراینی دیکەش پەنایان بردووەتە دەرەوەی وڵات.

سەبارەت بە قوربانیانی سەربازی، روسیا و ئۆکراین لەسەرەتای جەنگەوە بە ھەستیارییەوە ئاماری قوربانیانی سەربازییان بڵاودەکەنەوە، ماوەیەکی زۆریشە ھیچ ئامارێکی رەسمییان رانەگەیاندووە.

بەڵام بەپێی بی بی سی روسیا، لەسەرەتای ئەو جەنگەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٤٥ ھەزار و ١٢٣ سەربازی روسی کوژراون، کەسێیەکیان بەر لە جەنگەکە پەیوەندییان بە سوپاوە نەبووە، بەڵکو خۆبەخش بوون یاخود بە سەربازی کراون.

ھەروەھا بەپێی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، کوژراو و بریندارانی سەربازانی روسی و ئۆکراینی نزیکی ٥٠٠ ھەزار بووەتەوە.

بەپێی رۆژنامەکە، زیانە گیانییەکان لە ریزی سوپای روسیا نزیک دەبێتەوە لە ٣٠٠ ھەزار، لە نێویاندا نزیکەی ١٢٠ ھەزار کوژراو و ١٨٠ ھەزار بریندار.

لەنێو سوپای ئۆکراینیش، ٧٠ ھەزار سەرباز کوژراون، ژمارەی بریندارەکانیش لەنێوان ١٠٠ ھەزار بۆ ١٢٠ ھەزاردایە.

بەپێی نوێترین توێژینەوەش، تێچووی پێشبینیکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی ئۆکراین بە درێژایی دەیەیەک دەگاتە ٤٨٦ ملیار دۆلار.